ئەمجەد گەریاخیز، چالاکی کەمپینی دژایەتی لەسێدارەدان و چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە حەوتی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ئەمجەد گەریاخیز، چالاکی کەمپینی دژایەتی لەسێدارەدان و چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە پاش ٣٥ ڕۆژ لە زیندان ئازادکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئازادی ناوبراو بە دانانی بارمتە ئەنجامدراوە.
ئەمجەد گەریاخیز، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە هەبوونی پارێزەر و بینینی بنەماڵەکەی بێبەش بووە. ناوبراو لە ئازاری سەختی پشت و ستوونی بڕبڕە ڕەنج دەبات، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا دۆخی ناوبراو سەختتر بووە و ناوبراو لەم ماوەیەدا لە هەبوونی دەرمان و چارەسەری بێبەش بووە.
شایەنی باسە کە، ئارەزوو سەبوری، هاوسەری ئەمجەد گەریاخیز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی لێکرابوو. ئارەزوو سەبوری لە هەفتەی یەکەمی دەستبەسەرکرانی ئەمجەد گەریاخیزدا لەگەڵ هەردوو منداڵە بچووکەکەی هەموو ڕۆژێک بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەمجەد گەریاخیز بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕۆشتبوون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لەپێدانی هەر زانیارییەک لە چارەنووسی ئەمجەد گەریاخیز بە بنەماڵەکەی خۆیان دوور گرتووە و هەڕەشەیان لە ئارەزوو سەبوری کردبوو کە لە ئەنجامی بەدواداچوونی چارەنووسی هاوسەرەکەیدا، دەستبەسەری دەکەن.
ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەمجەد گەریاخیز لە چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی کەمپینی دژایەتی لەسێدارەدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. هێزە ئەمنییەکان ئەم هاوڵاتییە کە لە کارگەی شیرینی سازی کاری دەکرد، بەهۆی بەشداری لە مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان لەسەر شەقام و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کرابوو.
ئەمجەد گەریاخیز، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانی خۆیەوە لە کەمپینی دژایەتی لەسێدارەدان و لە سزای لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.