بە تێپەڕینی نۆ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی سامان کەریمی و هاوژینەکەی فەرزانە ڕەشیدی، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە شاری بانە تا ئێستا شوێنی مانەوە و دۆخی هەردووکیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سامان کەریمی و هاوژینەکەی فەرزانە ڕەشیدی، هێشتا دەستبەسەرن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم هاووڵاتییانە ڕۆژی یەکشەمە چواری جۆزەردان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە شاری بانە دەستبەسەرکران. دەستبەسەرکرانی سامان کەریمی لە شەقامێکی ئەم شارە و بە توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم ئەنجامدراوە. دواتر هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردەسەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و فەرزانە ڕەشیدی دەستبەسەر کردووە. هێزەکانی ڕژیم ماڵی ئەم دوو هاوژینەیان پشکنیووە و ژمارەیەک کەرەستەی تایبەتی ئەوانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
تا ئێستا هۆکارەکانی دەستبەسەری و شوێنی مانەوەی ئەم هاووڵاتییانە نادیارە.
سامان کەریمی، لە ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بە نۆ ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادرا. ناوبراو پێشتر بە لەسێدارەدان و یازدە ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو کە سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە. فەرزانە ڕەشیدی، هاوژینی ناوبراو، خوێندکاری زانکۆی پەیام نوور لە شاری بانەیە.