شەهریار دیرەک و نەوزاد دیرەک، دوو کرێکاری بیناسازی خەڵکی شاری ورمێ بەهۆی ڕووداوی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەر، ڕۆژی چوارشەممە چواری پووشپەڕی ١٤٠٤، دوو کرێکاری بیناسازی خەڵکی گوندی “غەزان” و دانیشتووانی شاری ورمێ بە ناوەکانی شەهریار دیرەک و نەوزاد دیرەک کە برا بوون، لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەک لە شەقامی باکووری شارۆچکەی فەرهەنگیانی شاری ورمێ، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە گیانیان لەدەستدا. بەپێی ئەم ڕاپۆرته، یەکێکیان لەوێدا گیانی لەدەستدا و براکەی دیکەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ورمێ گواسترایەوە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە؛ لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٠٤٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ١٦١١٣ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار برینداربوون.
ئێران لە بواری ئەمنییەتی کار لەنێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە کە پلەیەکی زۆر لەخوارەوەیە.