“ئەفشین حوسێنپەناهی” برای ڕامین حوسێنپەناهی، زیندانیی سیاسی لە سێدارەدراو، دوای تێپەڕبوونی ٥٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوڵبەرنیوز ڕۆژی پێنجشەممە، نۆی ڕەشەمەی ١٤٠٣، “ئەفشین حوسێنپەناهی” برای ڕامین حوسێنپەناهی، زیندانیی سیاسی لەسێدارە دراو، دوای تێپەڕبوونی ٥٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی بە دانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتی و هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد کرا.
پێشتر دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ناوبراو بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی دیاری کردبوو کە دوای دابینکردنی ئەم بڕە بارمتەیە لەلایەن بنەماڵەی حوسێنپەناهی، بەرپرسان دژایەتیان لەگەڵ ئازادکردنی ئەم هاوڵاتییەدا کردبوو. بەڕێز حوسێنپەناهی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵە و دەستگەیشتن بە پارێزەر بێبەش مابوو.
ئەفشین حوسێنپەناهی لە ڕێکەوتی نۆزدەی بەفرانباری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی دەستبەسەر کرا. لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندان ئەو بە تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی سنە بۆ زیندانی ئەم شارە گواسترایەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
شایەنی باسە، کە لە ڕێکەوتی حەڤدەی خەرمانانی ١٣٩٧، “ڕامین حوسێنپەناهی” لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسی دیکە بە ناوەکانی “زانیار مورادی و لوقمان مورادی” لەسێدارە دران. ئەم لەسێدارەدانە لە بارودۆخێکدا ئەنجام درا کە جێبەجێکردنی حوکمەکە بە پارێزەرەکانیان ڕانەگەیەندرابوو و هیچکام لەوان دەرفەتی ئامادەبوونیان لە کاتی جێبەجێکردنی حوکمەکەدا نەبوو. بە پێچەوانەی یاسا، تەرمی لەسێدارەدراوەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرا. ڕاپۆرتەکان ئەوەیان دەردەخست کە لە شوێنێکی نادیاردا بە خاک سپێردراون. هەروەها بنەماڵەکانی ئەم کەسانە بۆ خۆپاراستن لە ناڕەزایەتی و هەواڵگەیاندن هەڕەشەیان لێ کراوە. ئەم لەسێدارەدانانە کاردانەوەی دیکەشیان لە نێوان دامەزراوە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەرەکانیاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
“ئەفشین حوسێنپەناهی”، برای ڕامین حوسێنپەناهی، زیندانیی سیاسی لەسێدارەدراو، پێش ئەمەش بەهۆی چالاکییەکانی خۆی پێشینەی سزادان و هەڵسوکەوتی دادوەری هەبووە.