سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ لە بۆکان، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری سزا درا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای بۆکان بەتۆمەتی بانگەشە لە دژی ڕژیم، بە ساڵێک بەندی تەعزیری سزا درا.
سۆڵماز حەسەنزادە، ڕۆژی سێشەمە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ پاش تێپەڕینی ١٤ ڕۆژ لە کاتی دەستگیرکردنی، بە بارمتەی کاتی ٥٠٠ ملیۆن تمەن تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییەکەی لە گرتووخانەی ورمێ ئازاد کرابوو. شایانی باسە کە ناوبراو ٨ ڕۆژ لە کاتی دەستگیریدا مانگرتنی لە خواردن کردبوو. لە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ سۆڵماز حەسەنزادە، لەکاتێکدا لەگەڵ باوکی لە هەوڵدابوون بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە ڕێوڕەسمێک ساز بکەن، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستگیر کران.
پاش ڕۆژێک، ئەحمەد حەسەنزادە بە بارمتەی کاتی ٤ ملیارد تمەن ئازاد کرا، بەڵام لە هەمان کاتی ئازادی ئەحمەد حەسەنزادە، کچەکەی بۆ گرتووخانەی ورمێ گواسترایەوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ ئەحمەد حەسەنزادە و دایە عەزیمە باوک و دایکی سۆڵماز بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بانگهێشت کران و هەڕەشەیان لێکراوە کە چالاکییەکانیان بوەستێنن ئەگەر نا ئەمجارە بە ئاسانی ڕزگاریان نابێت. ئەم هاوڵاتیانە لە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بانگهێشت کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرابوو. سۆڵماز حەسەنزادە لە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە بازگەی لێپرسینەوەی بۆکان-سەقز لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستگیر کرا و پاش ماوەیەک ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، محەممەد حەسەنزادە، هاوڵاتی ٢٨ ساڵانی خەڵکی بۆکان لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ تەقەی لێ کرا و لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا گیانی لە دەستدا.