عیرفان عیرفانی، کاسبکارێکی (شوتی) خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی مهاباد-میاندواو گیانی لەدەست دا.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی (شوتی)یان لە ڕێگەی مهاباد-میاندواو کردە ئامانج و لە ئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کاسبکارە (شوتی) “عیرفان عیرفانی” کوڕی عەلی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاستکرایەوە.
به پێی ئەم ڕاپۆرته، هێزە ئەمنییەکان به تەقەی ڕاستەوخۆ ئۆتۆمبیلی ئەم کاسبکارەیان کردۆتە ئامانج و کە بووەتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکە و له ئەنجامدا شۆفیری ئۆتۆمبێلەکه گیانی لەدەستداوە.
شوتییەکان، کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی تایبەتن کە کاڵای هاوردە لە سنوورە نافەرمییەکانەوە بۆ نێوەندی شارەکانی ئێران دەگوازنەوە. زۆرێک لە شوتیسوارەکان، کۆمەڵێک گەنجی بێکارن کە بەهۆی هەژاری، بێکاری و جیاکارییە سیستماتیکییەکانی حکومەت، گیانیان دەخەنە مەترسییەوە تا بتوانن داهاتێکیان دەست بکەوێت. یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی دیاردەی شوتیگەری لە ناوچەکانی باشوور، باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران بەرزبوونی ڕێژەی هەژاری و بێکاری زۆرە. جیاکاری سیستماتیکی حکومەت، نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار، لەناوچوونی کەرتی کشتوکاڵی بەهۆی کەم ئاوی و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کێشەکانی ئابووری و بژێوی ژیان، بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێکیان بە ناچاری ڕوو لەم کارە بکەن. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان بەهۆی هەژاری و بێکاری لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئێران وەکو بووشەهر بەتایبەت بەندەری گەناوە، خوزستان، کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد بەتایبەت شاری گەچساران، لوڕستان، فارس، کرمان، بەلوچستان، کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕوویان کردووەتە ئەم دیاردەیە.