پەرەسەندنی هێرشی ئەرتەشی تورکیە؛ بەردەوامی کوشتار و کاولکاریی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان

هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕادەیەکی کەموێنە پەرەی سەندووە. لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دەیان جار ناوچە جۆراوجۆری ڕۆژئاوا کراونەتە ئامانجی ئەرتەشی تورکیە. لەم هێرشانەدا دەیان کەسی مەدەنی و هێزی بەرگریی ناوچەکە گیانیان لەدەست داوە و جگە لە خەڵکی بێ دیفاع، ژێرخانە گرینگەکان کراونەتە ئامانج. ڕۆژی ڕابردوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوەندی بەرهەمهێنانی کارەبای کۆبانی، تاریکی بەسەر ئەو شارە و زۆربەی گوندەکانی دەوروبەردا زاڵ کرد. چەند هێرشێکی هاوشێوە بۆ سەر دامەزراوە کارەباییەکان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەش ئەنجام دراوە. هاوکات ئەرتەشی تورکیە هێرشەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چڕتر کردووەتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان جار ئەم ناوچەیەی کردووەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و زەمینی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی زۆری باکووری هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی تورکیەوە داگیرکراوە و دەیان بنکە و چەندین سەربازگەی گەورەی تێدا جێگیر کردووە. ئەم هێرشانە کە بە بیانووی بوونی هێزەکانی پەکەکە لەم ناوچەیە ئەنجام دەدرێن، دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیە لە خەڵکی ناوچەکە، لەناوبردنی ژینگە و گیانلەبەرە کێوییەکان و کوژرانی مەڕ و ماڵاتی خەڵک. هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ خۆڕاگریی توندی هێزەکانی پەکەکە بەرەوڕوو بوونەتەوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەو تێکهەڵچوونانەدا ٩ سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و ٤ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

بزووتنەوەی ڕۆژئاوا کە بەم شێوەیە دەکەوێتە بەر هێرش و پەلاماری نامرۆڤانەی ئەرتەشی تورکیە، پێویستە نەک تەنیا بە سەرکەوتنە شکۆدارەکانی لە دژی داعش و بەرخۆدانی بوێرانەی لە دژی فاشیزمی ئەردۆغانی، بەڵکوو بەو بەها مرۆییانەشەوە کە لە پێناویدا گیانبازیی دەکات، بناسرێتەوە. لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرێتی کوردستانی سوریەدا، بە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، کۆمەڵێک یاسا لە بواری یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، مافی یەکسان بۆ کەسانی سەربە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان، جێگیرکراوە و لەم دواییانەشدا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازانە پەسەند کراوە کە دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتی و مافخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامانجی دەوڵەتی تورکیە لە سوریه، بریتییە لە ئاوارەکردنی خەڵک و شکستپێهێنانی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا. حکوومەتی تورکیە دەیەوێت بە ناچارکردنی خەڵک بە کۆچکردن و نیشتەجێکردنی خەڵکی تورکمان و عەرەب لەو ناوچانە، دیمۆگرافیای ناوچەکە بەتەواوی بگۆڕێت. سەبارەت بە کوردستانی تورکیە، لە کەس شاراوە نییە کە دەستدرێژیی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ئەو ناوچەیە، ئامانجگەلێکی سیاسی ئەولاتر لە بوونی هێزەکانی “پەکەکە”ی لەپشتە. بە هەر ڕادەیەک بارودۆخی عێراق ناسەقامگیرتر بێت و حکوومەتی ناوەندی عێراق لاوازتر بێت، دەوڵەتی ئەردۆغان زیاتر وەسوەسەی ئەوەی لا دروست دەبێت کە پێگەی خۆی لە ناوچەکانی باکوری عێراق، دەسەڵاتی بەسەر بیرە نەوتییەکانی ئەم هەرێمەدا، دەستوەردان لە چارەنووسی سیاسی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی هەناردەکردنی نەوت و گاز لە ڕێگەی تورکیەوە، پتەوتر بکات.

لە هەلومەرجی ئێستادا کە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرێتی کوردستانی سوریه، بە چرای سەوزی زلهێزە ئەمپریالیستییەکان و حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، کەوتۆتە بەر دەستدرێژیی و هەڕەشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە و هەروەها لە بارودۆخێکدا کە هەرێمی کوردستان بووەتە مەیدانی ڕمبازێنی ئەرتەشی تورکیە، پەرەپێدان بە بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ ئەو دەستکەوتانە، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پاراستن و مانەوەی ئەو دەستکەوتانەدا بگێڕێت. دیفاع لە خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر دەستدرێژییە سەربازییەکانی تورکیە، دژایەتی لەگەڵ داگیرکاری نیزامیی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، نائەمنکردنی شوێنی کار و ژیانی خەڵک و ئاگر تێبەردانی ژینگە، ئەرکێکی ئینسانییە. دیفاع لە خەباتی خەڵکی کوردستان، داکۆکیکردنە لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانی و دژایەتیکردنە لەگەڵ سەرکوت و دەستدرێژی و داگیرکاری نیزامیی. لە کاتێکدا کە حکومەتی تورکیە هاوکاری یان بێدەنگی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپای مسۆگەر کردووە، خەڵکی کوردستان و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی ناوچەکە و جیهان، تاکە هێزێکن کە دتوانن دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە، لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو بکەنەوە

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی ئازار و عەزیەت و لێدان لەلایەن هەنگی مەرزییەوە

چ ژانویه 17 , 2024
کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری “سنە” لە هێڵی سنووری “هەنگەژاڵ” بەهۆی لێدان و ئازاردانی لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە بریندار بوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزەکانی ڕژیم لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵ کۆلبەرێکیان داوەتە بەر ئازار و عەزیەت و لێدان، کە لە ئەنجامدا شان و پشت و ملی ئەم کۆڵبەرە […]

You May Like