کۆڵبەرێک بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە لە ڕێگەی پاوە بۆ جوانڕۆ گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دووشەمە ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە ڕێگەی پاوە بۆ جوانڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی کۆڵبەران تووشی ڕووداو بووە و بەهۆیەوە، کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا و چەندین کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە سەرچاوەکانی ئاگادارەوە، ئەم ڕووداوە لە نزیکی نەوسوود ڕوویداوە و بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی شەهاب کەریمی، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی سەلاسی باوەجانی.
تا ئێستا دۆخی گشتی کۆڵبەرانی دیکەی برینداریش لەم ڕووداوەدا دیار نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.