«ڕەسوڵ بوداغی»، چالاکی سەندیکای فەرهەنگیان بە مەرج لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتن لە شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوانی سەندیکای فەرهەنگیانی ئێران، ڕەسوڵ بوداغی لە زیندان ئازاد کرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئازادی ئەم چالاکە سەندیکایە ڕۆژی یەکشەممە چواردەی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە مەرج لە زیندانی ئێڤین ئەنجامدراوە.
ڕەسوڵ بوداغی، پشکنەری کانوونی سەندیکای مامۆستایان، لە خاکەلێوەی ١٤٠١، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و هاوکاری» بە چوار ساڵ و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم» بە ساڵێک زیندانیکردن سزا درا. لە جۆزەردانی ١٤٠١ ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران پەسەندکرا.
ناوبراو لە گوڵانی ١٤٠١ دەستبەسەر کرا و لە جۆزەردانی هەمان ساڵدا بۆ بەندی گشتی زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.
ئەم چالاکە لە بەشێکی دیکەی دۆسیەکەیدا لە خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و هاوکاری» بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن و بەتۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم» بە ساڵێک زیندانی مەحکوم کرا. لە ڕەشەمەی هەمان ساڵدا، ئەم بڕیارە لەلایەن لقی ٣٢ی دادگای باڵا پەسەندکرا.
ڕەسوڵ بوداغی، پێشتریش بەهۆی چالاکییە سەندیکاییەکانیەوە پێشینەی سزادانی هەبووە.