دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

ڕۆژی جیهانی کرێکار لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان بە شێوەی ڕێپێوان و کۆڕ کۆبوونەوەی گەورە، بەڕێوە چوو. زیادکردنی حەقدەست، ڕاگرتنی جینۆسایدی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە، دروشمی هاوبەشی زۆربەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار بوو. بەڵام لە هەموو وڵات و ویلایەتێکدا هاوکات کۆمەڵێک داواکاری تایبەتیش خرانەڕوو. لە ئەمریکا خۆپیشاندەران هێرشی دڕندانەی پۆلیس بۆسەر بزووتنەوەی دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززەیان کە لەلایەن خوێندکارانەوە کەوتووەتە ڕێ، ئیدانە کرد. ئەوان لەسەر ڕاگرتنی هاوکاریی دارایی و چەک و چۆڵی دەوڵەت و سەرمایەدارە گەورەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، پێداگرییان کرد. لە ڕێپێوانەکاندا، خواستی زیادکردنی حەقدەست و مووچە، خەبات لە دژی گرانی و دیفاع لە مافی کرێکارانی کۆچبەرانیش بە دروشمی ” هاوڵاتیبوون مافی هەمووانە” گەلێک بەرچاو بوو. لە شاری لۆس ئەنجلێس کرێکاران و هونەرمەندانی هالیوود دروشم گەلێکی وەک”سوور بپۆشن!”، “دەسەڵات لەدەست کرێکاراندا بێ” و “کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر کردەوەکانی پۆلیس” لەسەر پلاکاردەکان نووسرابوو. ئەو دروشمانە لە دژی مەککارتییە کۆنەپەرستەکانی هاوچەرخ بوون کە خوازیاری سەرکوتی ئەو کرێکارە فکری و داهێنەرانەن کە لەپێناو دیفاع لە مافەکانی خۆیان و کرێکاراندا، دژ بە شیرکەتە گەورەکانی تەکنەلۆژیا خەبات دەکەن. ئەوان هەروەها داواکاری باشتربوونی حەقدەست،
شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هەمووان، هاووڵاتیبوون مافی هەمووانە، کۆتاییهێنان بە سەرجەم شەڕەکان و پەروەردەی سەراسەری و بێبەرامبەر بۆ هەمووانیان بەرز کردەوە. لە ئۆکلاهما، کرێکارانی بارەنداز کە چوار مانگ لەمەوبەر خوازیاری کۆتایی هێنان بە هاوکاریی دارایی و چەک و چۆڵی کابینەکەی بایدن بۆ ئیسرائیل بوون و خۆیان لە بارکردنی کەرەستە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل بواردبوو، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا سەرلەنوێ و بە هەمان دروشم، بەندەرەکەیان داخست. ئەوانیش لە دژی گرانی و دابەزینی ئاستی گوزەرانی کرێکاران و هەروەها لە دژی بوونی نایەکسانی قووڵی دارایی نێوان سەرمایەداران و کرێکاران، دروشمیان دا و خوازیاری باشتربوونی ئاستی ژیان و بارودۆخی کرێکاران بوون.

خۆپیشاندەران لە شیکاگۆ، وێڕای دووپاتکردنەوەی دروشمە گشتییەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی، یادی ئەو کرێکار و ڕێبەرە کرێکارییانەشیان بەرز ڕاگرت کە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٨٨٦ی هایمارکێت لەلایەن پۆلیسەوە گیانیان لەدەستدا. لە کالیفۆرنیا خۆپیشاندەران، بەرەو شوێنی “کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا ڕێپێوانیان کرد و پشتگیریان لە خوێندکاران کرد. لە سیاتێل لەسەر ئاڵای خۆپێشاندەران نووسرابوو: ” لە غەززە جینۆساید ئەنجام دەدەن، هەر وەک چۆن خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکایان کۆمەڵکوژ کرد، وەک چۆن کرێکاران لەناو کارگە و ناوەندە کرێکارییە نائەمنەکاندا دەکوژن”. لەسەر پلاکاردێکی دیکە نووسرابوو: “بیمەی بێکاری بۆ ئەو کرێکارە کۆچبەرانەی کە هێشتا مافی نیشتەجێبوونی فەرمییان پێنەدراوە”. لە پاریس و نانت لە ڕۆژئاوای فەڕانسە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ پۆلیس ڕوویدا. خۆپیشاندەران پلاکاردێکیان بەدەستەوە گرتبوو بوو کە لەسەری نووسرابوو “ماکرۆن، لە ناخی دڵەوە لێت بێزارم”. خۆپیشاندەران ئاڵای ئۆلەمپیکیان سووتاند. جێگای ئاماژەیە کە سێ مانگی تر یارییە هاوینەکانی ئۆلەمپیک لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. ئەم یارییانە کە قازانجێکی زۆر بە خاوەن هۆتێلەکان و هەندێک لە کاسبکاران دەگەیەنێت، گرانییەکی زۆر بۆ کرێکاران و باقی جەماوەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکی ئایار لە ئاڵمان، دروشمی “باج لە دەوڵەمەندەکان وەربگرن” گەلێک سەرنجڕاکێش بوو. لە خۆپیشاندانی شارەکانی بریتانیا، بابەتی هێرش بۆ سەر مافە دێموکراتیکەکانی کرێکاران، خەبات لە دژی هەژاری و بەتایبەتی هەژاریی منداڵان، زیادکردنی حەقدەست و کۆتایی هێنان بە هاوکارییەکان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین، لە زومرەی سەرەکیترین داواکارییەکان بوون. لە وڵاتە ئاسیاییەکان خۆپیشاندەران خوازیاری کۆتایی هێنان بە پرسی بەتایبەتی کردن، زیادکردنی حەقدەستەکان، ڕاگرتنی گۆڕانکاری لە یاساکانی کاردا بە قازانجی خاوەنانی سەرمایە و کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە بوون.

لە ئێران، پۆلیسی کۆماری ئیسلامی بەوپەڕی دڕندەییەوە، بە تایبەت لە کوردستان، ڕێگری کرد لە ڕێکخستن و بەڕێوەچوونی ئاشکرای ڕێوڕەسمە سەربەخۆکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار لە ناو شارەکاندا. بەم هۆیەوە ڕێوڕەسمەکان یان لە دەرەوەی شارەکان، لەوانە لە شارەکانی بانە، بوکان و سەقز، یان بە شێوەیەکی نهێنی بەڕێوە چوون. بەڵام سەرەڕای ئەم گوشارانە، کرێکارانی پێشڕەو لە شارۆچکەی پیشەسازیی ژمارە یەکی سنە، و لە شاری کامیاران ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاریان بەڕێوە برد.

لە دەرەوەی کوردستانیش، کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری هەفت تەپە لە ناو شیرکەتەکە و هەروەها خانەنشینانی کرماشان لە بەردەم ئیدارەی کار و تەعاونی پارێزگای کرماشان ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاریان بەڕێوە برد. لە مەراسیمی هەفت تەپەدا، ئیبراهیم عەباسی یەکێک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی ناسراوی ئەو شیرکەتە، وتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای ئاماژە بە کێشە و گرفتەکانی کرێکارانی ئەم ناوەندی بەرهەمهێنانە و پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی کاغەزی پارس لە شاری شوش، لەسەر دوو داواکاری گرنگی کرێکارانی هەفت تەپە لەوانە گەڕانەوەی ئیسماعیل بەخشی بۆسەر کارەکەی و گواستنەوەی تەواوەتی ئەو شیرکەتە بۆ تەرحی پەرەپێدانی نەیشەکەری هەفت تەپە، پێداگری کرد. وتاربێژی دووەمی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە فەراسەتی، یەکێک لە خانەنشینانی کرماشان، کە ناوبراویش وێڕای ئاماژە بە کێشە و گرفتەکانی ژیانی خانەنشینان، خوازیاری ئازادکردنی تۆماج ساڵحی بوو. جێگای ئاماژەیە کە لە کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمەدا، بڕیارنامەی خانەنشینانی کرماشانیش خوێندرایەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی ١٤ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ج مه 3 , 2024
یوسف حاجی خۆش، سەلاح قازی، حسامەدین مەحموودی، محەممەد سوڵتان پوور، غەفور شێخ محەمەدی، جەعفەر ڕەسوڵی، حەسەن ڕەسوڵی، مەولوود روستا، هادی لاوە، ئاکۆ ئیبراهیمی، ئومید ڕەشید پاک، فەخرەدین مودەڕسی، سەلاح قازی و ئارمان ئیبراهیمی، ١٤ هاووڵاتی خەڵکی شاری شنۆن کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارە دەستبەسەر […]

You May Like