ئەمڕۆ شەممە ۵ی ئۆکتۆبەر بەرابەر لەگەڵ ۱۴ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانی موعەلیمە. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩۴ لەلایەن ڕێکخراوی زانستی، فەرهەنگی و پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) وەک ڕۆژی جیهانی موعەلیم ناوزەد کرا. مەبەست لە ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە بریتییە لە “ڕێزگرتن لە جێگە و پێگەی موعەلیمان و قەدرزانییان و لێکۆڵینەوە لە کێشەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا”. لە ئێران ڕۆژی ١٢ی گوڵان وەک ڕۆژی موعەلیم ناسراوە. لەڕوانگەی موعەلیمانی خەباتکارەوە، ئەو ڕۆژە بە بۆنەی گیانبەختکردنی ئەبولحەسەن خان عەلی، مامۆستای فەلسەفە و زمانی عەرەبی تەمەن ٢٩ ساڵ دیارکراوە، کە لە ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣۴۰دا بە تەقەی بەرپرسی کەڵانەتەری بەهارستان گیانی لەدەستدا. لەو ڕۆژەدا هەزاران موعەلیم لە ناڕەزایەتی بە لەخوارەوەبوونی حەقستەکانیان لەبەردەم مەجلیسی شۆڕای میللی کۆببوونەوە. بەڵام لە ڕوانگەی ڕژیمەوە بۆنەی ڕۆژی موعەلیم لە ئێران پێوەندی بە تیرۆری موڕتەزا موتەهەری یەکێک لە ئاخووندە تیۆریستەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە هەیە کە لە ١١ی گوڵانی ١٣۵۸ لە لایەن گرووپی “فورقان”ەوە لە تاران تیرۆر کرا و هەواڵەکەی ڕۆژێک دواتر ڕاگەیەندرا. بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، یەک لەسەر سێی موعەلیمانی جیهان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرمایەداران زانست وەک کاڵایەک دەفرۆشن و لە ڕەنج و ماندووبوونی موعەلیمان قازانجێکی زۆر دەخەنە گیرفانیانەوە. هەروەها ڕۆژی جیهانی موعەلیمان بۆ کرێکارانی وشیاریش وەبیرهێنەرەوەی ئەو بێعەداڵەتیانەیە کە بەسەر سەرجەم زەحمەتکێشانی کۆمەڵگادا سەپێندراوە، ڕێزگرتن لە خەباتەی موعەلیمان بەرامبەر بەو بێعدەاڵەتیانە، بەواتای پێداچوونەوە بە دەستکەوتەکانیان و پێویستی دیفاعکردن لە داواکارییەکانیانە.لەو ڕووەوە کە یەکەم چەخماخەی ئەندێشە و بیرکردنەوە لە قوتابخانەکانەوە لێدەدرێن و گەشە دەکەن، جیهان ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکیتر پێویستی بە مامۆستای پسپۆڕ، بێخەم و بێتەنگ و چەڵەمەی ژیان و خاوەن ورەی بەرزی ئینسانی هەیە. بەڵام ئایا لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕێز و کەرامەتی موعەلیم وەک پێویست پارێزراوە؟ ئایا موعەلیمان، کە سەر بە چینی زەحمەتکێشی کۆمەڵگان، ئەوەندە گرنگییان پێدەدرێت کە بەبێ ئەوەی خەمی پێداویستییە مادییەکانیان هەبێت، بیر لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری خۆیان بکەنەوە؟ واقیعییەتەکانی ژیانی ڕۆژانەی موعەلیمان ئەوە دەردەخات کە زۆربەی موعەلیمان بە جێگای ئەوەی بتوانن بیر لە گەشەپێدانی زانست و زانیاری خۆیان بکەنەوە، ناچارن بەدوای کاری دووەم و سێیەم دا بگەڕێن. زیاتر لە سێ لەسەر چواری موعەلیمانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەوانی دیکەش بە بوونی کاری دووەم و سێیەم و بە کۆمەکی داهاتی هاوسەرەکانیان، خۆیان لە ژێر هێڵی هەژاری ڕزگار کردووە. لەپاڵ ئەم بەشە لە موعەلیمانی زەحمەتکێش، کۆمەڵێک سیخوڕ و ڕاهێنراوی ڕانتخۆری بەناو حەوزەکانی عیلمییە هەن کە بەرپرسی جێبەجێکردنی پلانە کۆنەپەرستانە و دژە فەرهەنگییەکانی ڕژیمن لە ناوەندەکانی پەروەردەدا. بارودۆخی بژێوی ژیانی موعەلیمانی خانەنشینکراو بە چەند قات لەوە خراپترە، موعەلیمە خانەنشینەکراوەکان کە هەموو تەمەنی گەنجی و مامناوەندی خۆیان بە حەقدەستێکی زۆر کەم و تەحەمولی سەرجەم ئەو دژوارییانە، لە پێناو خزمەتکردن بە دۆزی پەروەردە و بارهێنان لەم وڵاتەدا بەسەر بردووە، لەبری ئەوەی لە تەمەنی پیریدا چێژ لە ئارامی و ئاسوودەیی وەربگرن. سەرەنجام لە هەژاری و دەست تەنگیدا ژیان بەسەر دەبەن.
بەڵام کێشەکانی ژیانی ئەم توێژە بێبەشەی کۆمەڵگا تەنها لەوەدا سنوردار نابێتەوە کە لە ژیانێکی شایستە بەهرەمەند نین، بەڵکوو ناچاریش دەکرێن پەرە بە پەروەردەیەک بدەن کە بە تەواوی لەکەڵ خوڕافات و کۆنەپەرستی تێکەڵاو بووە. یەکێک لە ڕەنج و ئازارە گەورەکانی موعەلیمانی شەریف و خەباتگێڕ، بریتییە لە نفووز و کاریگەریی ئایین لە پرسی پەروەردە و بارهێناندا. موعەلیمانی ئێران مەحکوومن بەوەی کە لە نزیکەوە شایەتحاڵی جێبەجێکردنی پلانە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیم لەوانە جیاکاریی ڕەگەزی لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا بن، ئەم دۆخەیە کە جەستەی موعەلیم ماندوو و شەکەت دەکات و ڕۆحی ئازار دەدات.
موعەلیمانی بێبەش و زەحمەتکێشی ئێران، لە زومرەی ئەو ئینسانە شەرافەتمەندانەن کە کۆمەڵێ ویست و داواکاری عادڵانەیان هەیە و شایستەی بەربڵاوترین و شێلگیرانەترین پشتیوانین. کۆماری ئیسلامی لە بری پێڕاگەیشتن بە داواکارییە ڕەواکانیان، بە لەسەرکار دەرکردن و زیندانیکردن، وڵامی داخوازییەکانیان دەداتەوە. هەر ئێستا دەیان موعەلیمی خەباتکار لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێراندا دەستبەسەر کراون. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو فشار و سەرکوتانە، خەباتی موعەلیمان بۆ بەدەستهێنانی ویست و داواکارییە ڕەوا و عادڵانەکانیان و هەروەها لەپێناو ئازادی هاوکارەکانیاندا، هەروا بەردەوامە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، بزووتنەوەی موعەلیمان و فەرهەنگیانی ئێران، لە پێناو داواکاری ئازادی موعەلیمانی زیندانی، هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی بە تایبەتکردنی پەروەردە، دامەزراندن و بە فەرمی کردنی ئەو موعەلیمە گرێبەستانەی کە لە قوتابخانەکانی پێش لەسەرتایی و لە ڕێگەی شیرکەتە پەیمانکارییەکانەوە بۆ پەروەردە و بارهێنان کاردەکەن، زیادکردنی حەقدەست، پێدانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکانیان و هەروەها ئازادی ڕێکخراو و چالاکییە سنفییەکان، لە ئاستێکی بەربڵاو و جەماوەریدا بەردەوام بووە. گرتن، دەرکردن، سنووردارکردنی دامەزراندن و هتد…، موعەلیمانی چاوترسێن نەکردووە و هەروا شێلگیرانە سوورن لەسەر داواکارییەکانیان. ڕۆژی جیهانی موعەلیم بە سەرجەم موعەلیمانی تێکۆشەر و زەحمەتکێش و دڵسۆز پیرۆزبایی دەڵێین و دڵنیاین کە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی موعەلیمانی ئێران لە ڕیزێکی یەکگرتوودا، شان بەشانی هەموو زەحمەتکێشان، بێبەشان و ستەمدیتووانی ئەم کۆمەڵگایە، سەرەنجام کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژیمی کۆنەپەرست و دژە خەڵکی کۆماری ئیسلامی دەهێنن و مژدەی دواڕۆژێکی گەشتر بە کۆمەڵگای ئێران دەبەخشن.