لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان سێ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی کوژران و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە سەرەتای مانگی ڕزبەری ١٤٠٤ەوە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی لە ناوچە سنووریەکانی پارێزگای کوردستان، لانیکەم سێ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕەزبەر، لە نەواری سنووری نەوسوود، هێزەکانی هەنگی مەرزیی بەرەو گرووپێک لە کۆڵبەران تەقەیان کرد کە لە ئەنجامدا، «کاروان ئەڵماسی»، تەمەن ٢٨ ساڵ و دانیشتووی شاری سەلاس باوەجانی، لە بازووی دا گوللەی جەنگی بەرکەوتووە بە سەختی برینداربوو.
لە سێی ڕەزبەری ١٤٠٤یشدا، لە ناوچە سنووریەکانی «بلەسەن»ی سەر بە شاری بانە، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی بووە هۆی کوژرانی کۆڵبەرێک بە ناوی «قاسم عەزیزی». ناوبراو ٤٧ ساڵ تەمەن، دانیشتووی شاری بانە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.
لە بەرواری نۆی ڕەزبەری ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناسنامەی «ڕێبوار محەممەدزادە»، تەمەن ٣٨ ساڵ و دانیشتووی گوندی «سپیدار»ی سەر بە شاری بانە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی لەنەواری سنووریی «سوورکێو»ی بانە کوژرا. ئەم کۆڵبەرە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ بوو.
لە دوایین ڕووداویشدا، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤، لە ناوچەی سنووریی «سارداو»ی شاری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی «مەهدی شەریفی» لە گوندی «کانی سێو» کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی و گیانی لەدەستدا. ناوبراو باوکی منداڵێک بوو.
شایانی باسە، هەموو تەقەکردنەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەنجامدراون.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤، بە گشتی ٣٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ١٧ کۆڵبەر واتا (٤٦٪) کوژراون و ٢٠ کۆڵبەر واتا (٥٤٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤ دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٣٢ حاڵەت واتا (٨٦٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ١ کۆڵبەر واتا (٪٣) کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری عێراق (حرس الحدود) بۆتە هۆی کوژرانی ئەم منداڵ کۆڵبەرانە.