بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێن و دۆخی ناجێگیری کار، دوو کرێکار لە سەقز لە ڕووداوێکدا گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە چواردەی ڕەزبەری ١٤٠٤، جۆشکارێک لە شاری سەقز لە ڕووداوێکی کارکردندا گیانی لەدەستدا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کرێکارە لە کاتی کارکردن لە بینایەکی تەواونەبوو لە ناوچەی زاگرۆس بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بینای چوار نهۆم، گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کرێکارە، ڕەسوڵ دارابپوور، تەمەن ٤٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی سێشەممە هەشتی ڕەزبەری ١٤٠٤، کرێکارێکی گەنج بە ناوی سەید جەواد بەهرامی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی سەقز لە کاتی کارکردندا لە بینایەکی تەواونەبوو لە فازی دووەمی فەرهەنگیان بەهۆی کەوتنە ناو کاناڵی ئاسانسۆر گیانی لەدەستدابوو.
شایانی باسە؛ لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٠٤٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ١٦١١٣ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار برینداربوون.
ئێران لە بواری ئەمنییەتی کار لەنێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە کە پلەیەکی زۆر لەخوارەوەیە.