نەعیم دۆستی، چالاکی کرێکاری و لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارەدان، کە بەهۆی بەشداری لە مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژی سزای سێدارەدان دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە بیستی ڕێبەندانی ١٤٠٣، نەعیم دۆستی، لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی شاری سنە و لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارەدان بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، نەعیم دۆستی و ئەمجەد گەریاخیز، لە چالاکانی کرێکاری و لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارەدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوونەوە. ئەم چالاکانە لە کارگەی شیرینی سازی کاریان دەکرد، بەهۆی بەشداری لە مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان لەسەر شەقام و بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.