سنە؛ زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی ئەمجەد گەریاخیز

سەرەڕای تێپەڕینی بیست ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەمجەد گەریاخیز، چالاکی کرێکاری و لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارەدان، تا ئێستا لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەردەستدا نییە؛ ئەمجەد گەریاخیز، لە بڕبڕەی پشتیدا ئازارێکی زۆری هەیە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرەڕای تێپەڕینی بیست ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەمجەد گەریاخیز، لە چالاکانی کرێکاری و کەمپینی دژی سێدارەدان لە شاری سنە، تا ئێستا لە چارەنووسی ئەم چالاکە مەدەنییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم چالاکە لە بڕبڕەی پشتیدا ئازارێکی زۆری هەیە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە. نەبوونی زانیاری لە چارەنووسی ئەم چالاکە نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی زیاتر کردووە.

شایانی باسە کە هەفتەی ڕابردوو، ئارەزوو سەبووری، هاوسەری ئەمجەد گەریاخیز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێکرابوو. ئارەزوو سەبووری، لە هەفتەی یەکەمی دەستبەسەرکرانی هاوسەرەکەیدا لەگەڵ دوو منداڵە بچووکەکەیدا هەموو ڕۆژێک بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەمجەد گەریاخیز سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەیان کردبوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە پێدانی زانیاری بۆ چارەنووسی ئەمجەد گەریاخیز ڕەتیان دەکردەوە و هەڕەشەیان لە ئارەزوو سەبووری کردبوو ئەگەر بەدواداچوونی چارەنووسی هاوسەرەکەی بکات، ئەوا دەستبەسەری دەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەمجەد گەریاخیز، لە چالاکانی کرێکاری و لە ئەندامانی کەمپینی دژی سێدارەدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئەم هاوڵاتییە لە کارگەی شیرینی سازی کاری دەکرد، بەهۆی بەشداری لە مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان لەسەر شەقام و بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

ئەمجەد گەریاخیز، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە لە کەمپینی دژی سێدارەدان و سزای سێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

هەورامان؛ گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێک بەهۆی ڕنووی بەفرەوە

ی فوریه 9 , 2025
بەهۆی ڕنووی بەفرەوە لە دەوروبەری بەرزایی ژاڵانە، کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بەهۆی ڕنووی بەفرەوە لە دەوروبەری بازگەی ژاڵانە، لە ڕێگای کۆتایی بۆ ناوچەی تەتەی هەورامان، کۆڵبەرێک لە ژێر بەفرێکی زۆردا گیری خواردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە فریاگوزارییەکان و کۆمەڵێک لە خەڵکی گوند […]

You May Like