خەلیل چەلەبی، کۆڵبەری شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری بانە بەسەختی برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز هەینی ٩ی خەرمانانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنوری بانە تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ترۆمبێلی کۆڵبەران کرد و کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە خەلیل چەلەبی، کۆڵبەری بەشی ڕەبەتی سەردەشت بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم کۆڵبەرە پشتی بەسەختی برینداربوو و لە نەخۆشخانەیەکی تاران نەشتەرگەری بۆکرا. شایانی باسە دۆخی ئەم کۆڵبەرە ناجێگیرە و گوللە لە نزیک دڵی دراوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی تر کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، ٣٤ کۆڵبەر واتا ١٣٪ کوژران و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا ٨٧٪ برینداربوون.
لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ کوژران و برینداربوون، ٢٢٢ کۆڵبەر واتا ٨٢٪ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژران و برینداربوون، ٢٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣، ئێمە چاودێری زیادبوونی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنووری کوردستان بووین.