نوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد، کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک لە “پشتی”دا بریندار بووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە بریندارە “جەماڵ قادری”و خەڵکی شاری مەریوانە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی “قودس”ی پاوە گواستراوەتەوە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

١٢ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی سەپاندنی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێراندا

ش مارس 30 , 2024
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی سەپاندنی ڕژیمێکە بەسەر خەڵکی ئێراندا، کە بە “کۆماری ئیسلامی ئێران” ناوی لێنرا. ٤٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ئەو ڕەوتەی کە دەستی بەسەر شۆڕشی ئێراندا گرت، بە ڕێبەرایەتی خومەینی لە نمایشێکدا لەژێر ناوی: “ڕیفراندۆمی خەڵکی ئێران”، بە فەرمی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و خوڕافات و سەرکوتی […]

You May Like