نووسەر؛ مانی ساین
وەرگێڕان لە ئینگلیزی؛ ڕۆمان میرەکی
“ئەم وتارە لە ژمارە ١٢٠ی گۆڤاری (ئۆگەست) لە پۆرتاڵی (سۆشیالیزم تودەی) لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوبووەتەوە، مانی ساینی بەریتانی، سەرنووسەری پێداچوونەوە ڕەخنەییەکانی گۆڤارەکە و ئەندامی پارتی سۆسیالیست لە بەریتانیا – وێڵز، نووسیویەتی”.
لە ساڵی ١٩٣٨ “لیۆن ترۆتسکی” کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشی ڕووسی، لەگەڵ “ئەندرێ بریتۆن” کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی هونەری سوریالیزم و ”دیێگۆ ڕیڤێرا”ی هونەرمەند و شۆڕشگێڕی مەکسیکی کۆبوونەوە و ڕاگەیەندراوێکیان دەرکرد و ناویان نا ”بەرەو هونەری شۆڕشگێڕانەی ئازاد”.
ترۆتسکی نووسەری سەرەکی ڕاگەیەندراوەکە بوو، بەڵام لەو کاتەدا لەلایەن بەکرێگیراوانی جۆزێف ستالینەوە دوور خرابوویەوە، بۆیە ڕاگەیەندراوەکە بە واژۆی بریتۆن و ڕیڤێرا دەرچوو.
مێژووی لەبیرکراوی سوریالیزم؛
ڕاگەیەندراوەکە بانگهێشتێک بو بۆ هونەرمەند و نووسەرە ڕادیکاڵەکان بۆ هەڵگرتنی چەک و قەڵەم و ڕەنگ لە پێناو بەرەنگاری فاشیزم و ستالینیزم، کە پشتڕاستیان دەکردەوە ئەوانە ٢ سیستمن دەربڕینی هونەری قەڵاچۆ دەکەن وەک چۆن ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری شۆڕشگێڕانەیان قەڵاچۆ کرد. ڕاگەیەندراوەکە لە هەمانکاتدا لێدوانێک بوو لەبارەی ڕۆڵی پێویستی هونەر و کولتور لە کۆمەڵگەکانی چینایەتی.
بەڵام ئەمە چییە بە تایبەت لەم کاتەدا ئەو کەسانەی بەیەکەوە کۆکردۆتەوە؟ کاتێکی زۆر شپرزە بوو خەریکبوو جیهان بکەوێتە ناو جەنگی جیهانییەوە و دەسەڵاتی سەرمایەداری جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندبوو.
لە ئیتاڵیا و پرتوگال و ئەڵمانیا فاشیزم گەیشتبۆوە دەسەڵاتی، لە ئیسپانیاش تازە شۆڕش تیک شکێنرابوو، ڕاپەڕین لە سەرتاپای دونیا بەرپابوو، هەریەکە لە فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتوەکان و چین و وڵاتانی دیکەشی گرتبۆوە.
ستالین چنگی لە دەسەڵاتی ڕووسیا گیرکردبوو، سەدان هەزار سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ و خەڵکانی بەرهەڵستکاری دیکەشی خستبۆوە بەردەم دادگاکانی نماییشەوە، یان بۆ کار ڕەوانەی کەمپەکانی کردبوون.
بیرۆکراتییەکەی ستالین لەڕووی فەرمانڕەوایی، لە ڕێگەی ”کۆمنتیرن” دەستی بەسەر پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهاندا گرتبوو، ئەمەش مانای ئەوە بوو کە یەکێتی سۆڤیەت ڕۆڵی هەبوو لە پێشکەوتنی دژە شۆڕش لە ئیسپانیا و ناپاکی لە کرێکاران و جوتیارانی چالاک لە بزووتنەوەکانی سۆسیالیست و ترۆتسکی و ئەنارشیست دەکات.
ترۆتسکی لە ساڵی ١٩٣٨ ”ئەنتەرناسیۆناڵی چوار” دادەمەزرێنێ، ئەمەش پاش ئەوەی دەرکەوت ”ناسیۆناڵی سێ” (کۆمنتیرن) لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش شکستی هێناوە. ئەو کاتە کاتی خۆکۆکردنەوە بوو.
لەو کاتە پێویست بوو لەسەر هەموو شۆڕشگێڕێک لە خۆی بپرسێت؛
دەبێ لە پشتی سەرمایەداری یان ستالینیزم بوەستین، یان دژی هەردووکیان بجەنگین؟ بەڵام پێوەندی سوریالیزم بەو شتانەوە چییە؟ کە واپێدەچێت نامۆ بێت بەهۆی لێڵی ڕەهەندی سیاسی لە بزووتنەوەی سوریالی لە مێژووی هونەردا.
ئێستا هونەری سوریالی لە مۆزەخانەکانی هونەری مۆدێرن دەبینرێت و ناوبانگێکی مەزنیشی بەدەست هێناوە و پێشانگای قازانج بەخشی بۆ ڕێکدەخرێ. هەروەها کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ هونەر و سینەما و ئەدەب بە شێوەیەک کە ناکرێت نکوڵی لێبکرێت.
لەوانەیە یەکێک دوور یان نزیک ئاماژەی پێدابێت کە سوریالیستەکانی سەرەتایی شۆڕشگێڕ بوون، یان بە بیری سۆسیالیزم و ئەنارشیزم کاریگەر بوون. وەک چۆن ئاماژە بەو دابەشبوونانە دراوە کە لەنێو بزووتنەوەی سوریالیزمدا ببووە هۆی لادانی هەندێک لە ئەندامەکان کە هێڵی ڕەسەنی شۆڕش، بەڵام ئەو لادانە تێناپەڕێنێت.
ئەوە لە ڕاستیدا جیاوازە، ئەگەر سوریالیزم لە جەوهەردا شۆڕشگێڕانە بێت، بەڵام دەکرێت بگوترێت بە شێوەیەکی سەرەکی باسکردن بوو لە شۆڕش و هیچی دیکە، سوریالیستەکان دەیانویست کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دامەزراوەیی لە هونەر و هزردا تێکبشکێنن و هەوڵیشیاندا ڕێسا هونەریەکانی کۆن بشکێنن.
نووسینەکانی میکانیکی بەجۆرێک لە بونیادەکانی ئەدەبی چەقبەستوو یاخی بوون کە ڕێیان بە هەموو کەس دەدات مەشقیان لەسەر بکات. سوریالیستەکان تێگەیشتن کە پێکهاتەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕیشەیی مەرجە بۆ ئازادکردنی هونەر لە پێناو کۆمەڵانی خەڵک و جەماوەردا، ئەوەش بەو واتایە دەهات کە شۆڕش چینی سەرمایەداری فەرمانڕەوا لە دەسەڵات دادەماڵێت و دەیخاتە بەردەست جەماوەری چینی کرێکارەوە.
ڕێکەوت نەبوو کە ئەندرێ بریتۆن خۆی لە تەنیشت ترۆتسکی بینییەوە، چونکە پێوەندی نێوانیان لەو ٢ دێڕەی کۆتایی مانیفێستەکەدا پوخت دەکرێتەوە؛
سەربەخۆیی بۆ هونەر لە پێناو شۆڕشدا شۆڕشیش لە پێناو ئازادی تەواوی هونەر.