نووسەر؛ گفتوگۆی ڕۆمان میرەکی، میدیاکار لەگەڵ عەتا دادگوستەر، وێنەکێش و کۆڵبەری خەڵکی مەریوان
سیاسەتی بێکاری و بێ بەشی کوردستان لە پیشەسازی و بەرهەمهێنان، هۆکارە کە ناسنامە و مافی مرۆڤ بخرێتە ژێر پێی دەسەڵاتدارانی ستەمکاری داگیرکەر و کۆڵبەری وەکو کارەسات دەرگای ئەو کەسانە بگرێ کە خۆیان نافرۆشن و بە سەربەرزی ژیان دەکەن.
ڕۆمان؛ بە کورتی باسی ژیانت بکە و بۆچی کۆڵبەری دەکەیت؟
عەتا؛ من عەتا دادگوستەرم خەڵکی گوندی دەرزیان لە مەریوان، تەمەنم ٤٧ ساڵە و کەمئەندامم و دەستێکم نییە و بە ناچاری و بەهۆی هەژاری و نەداری کۆڵبەری دەکەم چونکە هیچ کاری دیکەم نییە. و هەر لەسەرەتای ژیانم دەستێکم نەبوو ئەوەش ژیانی دژوارتر کردم. نزیک بە ٣٦ ساڵە لە پەنای کار بۆ ژیانی خێزانم وێنەکێشی ڕوخسار دەکەم. ساڵانێکی زۆر جووتیاری و کرێکاریم کردوە.
ڕۆمان؛ هاوژینگیریت کردوە؟
عەتا؛ بەڵێ. ١٩ ساڵ پێش هاوژینگیریم کرد. هاوژینەکەم ٢ ساڵ و نیو دواتر بەهۆی شێرپەنجە گیانی لەدەستدا. ئێستا لەو کاتەوە لەگەڵ سەیرانی کچمان پێکەوە دەژین. سەیران بۆتە ١٩ ساڵ و دەچێتە پۆلی ١٢ ئامادەیی.
ڕۆمان؛ ئێستا چۆن ژیان دەکەن لەگەڵ سەیران؟
عەتا؛ لە راستیدا بە کۆڵبەری دەژین. هیچ سەرچاوەیەکی ژیان جیا لە کۆڵبەری نیە. ساڵانێکی زۆرە هەتا بڕیارگەی ژینگەناسی یارمەتیمان نادا. جیا لە کۆڵ هێنان هیچ پارەمان نیە.
له مانگدا ٤ بۆ ٥ جار دەچم بۆ کۆڵبەری لە سنوری تەتەی هەورامان. هیچ حاڵ نیە کە من هەمە. بە ١ دەستەوە دەبێ پارەی خۆم و سەیران دەربێنم. لەم ماوەدا سەدان وێنەم کێشاوە بەڵکو خزمەتێکم کردبێ و لەم رێگاوە پارە دەست بخەم. بەڵام هەژاری کارێکی کردوە هونەرەکەی منیش وەکو زۆرینەی هونەرمەندان نانێک ناکا.
ڕۆمان؛ تۆ و کچەکەت هاوڵاتی ئەو وڵاتەن، بۆیە دەوڵەت ئەرکی موچە، بیمەی بێکاری، بیمەی خێزانی و موچەی کەمئەندامی بدات. ئایە دەوڵەت ئەو مافە نادات؟
عەتا؛ بەڵێ. هیچ ڕێکخراو و بڕیارگەی دەوڵەتی هاوکاریم ناکات، بۆیە بەم هەموو کار و رەنجەوە ناچار بە کۆڵبەری بووم.
ڕۆمان؛ کێ باج لە کۆڵبەران وەردەگرێت؟
عەتا؛ ئەمە شتێکی نهێنی نێوان کاسبکار و پاسدارە، کاسبکار دۆلار یان سکەی ئاڵتون دەداتە پاسدار واتە هەژماری بانکی نییە پارە بنێرن یان ڕاستەوخۆ پارە بدەن. کەسێک لە نێوانیانە کە دەڵاڵە بە کاژێر ڕێگە دەکڕێت، ئەوە کەسی نزیکی پاسدار بێت یان نا گرنگە دەڵاڵێک هەیە. بەڵام ئەم کارە زۆر گرنگە چونکە کاتی واهەیە ئەو کاسبکارە باج دەدات ڕێگەکە دەکڕێ بۆ کاژێرێک، دوای کاژێرێک کاسبکاری دیکە کە پارە نادات کێشەی بۆ دروستدەبێت. کاتی واهەیە ئەو کاسبکارە کۆڵەکەی دەگیرێت کە دەڕوات کۆڵەکە بهێنێتەوە کێشەی بۆ دروستدەبێت ئەگەری هەیە تەقەی لێبکەن و بیکوژن، یان کۆڵبەرەکە ڕابکات و کۆڵەکەی بگرن ئەویش ئەگەری هەیە بکەوێتە خوارەوە لە شاخ. من لە هەورامان کۆڵبەری دەکەم وە سنوورەکانی نەوسود و پاوە و بانە نەڕۆشتووم. من باسی سنوری تەتە دەکەم لەوێ چەندین کاسبکار یەکێکیان دەبێتە نێوەندگیر کە ئەوان باج دەدەن و ڕێگەکە دەکڕن بەڵام کاتی واهەیە کاسبکارێک پارە نادات کێشە بۆ خۆی و کۆڵبەرەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەیە کۆڵبەرەکەی بگیرێت بەڵام تا ئێستا ئەمە ڕووینەداوە کە کۆڵبەرێک برینداربێت بەڵام ئەوان کۆڵەکە دەگرن دواتر کۆمەڵێک جگەرە دەدەن بە کۆڵبەرەکە. بۆ نموونە پاسدارێک کۆڵەکەی من دەگرێت، دەڵێت کرێی کۆڵەکەت ئەوەندەیە پارە یان جگەرە یان پۆشاک یان شتی دیکەم پێدەدات، بەڵام کاسبکار هەیە لەوانەیە شەڕبکات یان هەوڵ بدات کۆڵەکەی بگەڕێنێتەوە پاسداریش لێدان و ئەشکەنجەی دەکەن یان تەقەی لێدەکەن و دەیکوژن. ڕەفتاری هێزەکانی ڕژێم لەگەڵ کۆڵبەران چۆنە، عەتا ڕایگەیاند” ئەوەی من لە سنووری تەتە دەزانم، ڕەفتاری خراپم نەدیوە. چەند ساڵە لە سنوور کار دەکەم، ئەوان بە کۆڵبەران دەڵێن کۆڵەکەمان بۆ بهێنن و ڕامەکەن با بریندار نەبن و ڕاوتان بنێین و تەقەتان لێبکەین، کەوتنە بۆسەوە کۆڵەکەمان بۆ بهێنن و ئێمەش بەپێی کرێ کۆڵەکە شتتان پێدەدەین. بەڵام کۆڵبەریان گرتووە پێیان وتووە کەوتیتە بۆسەوە ڕامەکە با تەقەت لێنەکەین کۆڵەکە بهێنە دەزانین تۆ کرێکاریت کۆڵەکەمان بۆ بهێنە و بەپێێ کرێی کۆڵەکەت شتت پێدەدەین.
ڕۆمان؛ بۆچی خەڵک کۆڵبەری دەکەن؟
عەتا؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەری لە سنورەکان و گوندە سنوریەکان دەکرێ بە تایبەت شاری وەکو مەریوان و بانە شاری سنورین. کارگە و کاری دیکە نییە کە داهاتی هەبێت خەڵک ژیانی دابین بکات بۆیە ناچارە کۆڵبەری بکات. کۆڵبەریش بۆ کیلۆیەک ١٣٠ هەزار تمەن وەردەگرێ، بۆ نمونە ٣٠ کیلۆ هەڵدەگری ٤ ملیۆن تمەن لە ڕۆژێک وەردەگری. بەڵام ئەگەر کرێکاری بکەی ٦٠٠ هەزار تمەن لە ڕۆژێک وەردەگری. بۆیە خەڵک دەڵێ بکوژرێم و بکەومە خوارەوە گرنگ ئەوەیە ٤ ملیۆن تمەن وەردەگرم کە پارەی ٤ ڕۆژی کرێکاریە بۆیە کۆڵبەری دەکەم لەوانەیە بتوانم لە ساڵێکدا ئۆتۆمبێلێک بکڕم یان هاوسەرگیری بکەم. ئەمڕۆ زۆرینەی گەنجەکان کۆڵبەری دەکەن و دەڵێن بە پارەی کرێکاری ناتوانم هاوسەرگیری بکەم و ئۆتۆمبێل بکڕم بۆیە کۆڵبەری دەکەن. کۆڵبەری سنور بەزاندنە بۆ نمونە لە هەر وڵاتێک بژیت سنوری وڵاتێک تێپەڕێنی نایاساییە و ئەگەری هەیە تەقەت لێبکەن بۆیە سنوربەزاندن لەهەر وڵاتێک قەدەغەیە. بەڵام بۆ کۆڵبەر قەدەغە نییە بە کۆڵبەر دەڵێن تۆ بڕۆ کە هاتیتەوە بە کۆڵەکەوە کارمان پێتە. ڕۆژ هەیە ٢ هەزار کۆڵبەر لەبەردەم بنکەی سوپاوە دەڕۆن ڕێگرییان لێناکەن پێت دەڵێن بڕۆ کە هاتیتەوە کاریان پێتە چونکە دەزانن کۆڵبەرەکە ناڕواتە خاکی عێراق و ڕاناکات و دەگەڕێتەوە بۆیە خەڵک کۆڵبەری دەکەن کە پارەیان هەبێت و بژین بۆ ئەوەی لە ساڵێکدا خانوو یان ئۆتۆمبێل بکڕن یان هاوسەرگیری بکەن. خەڵک دەزانێت ئەگەری هەیە پاسداران تەقەت لێبکەن بەڵام دەڵێن ڕۆژی ٤ بۆ ٥ ملیۆن تمەن وەردەگرم باشترە لە کرێکاری و کاری مەیدان، رۆژێک دەڕۆم ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆ دێنم ٤ بۆ ٥ ملیۆن تمەن وەردەگرم.
ڕۆمان؛ چارەسەر بۆ کۆڵبەری چییە؟
عەتا؛ چارەسەر بۆ کۆڵبەری نییە، خەڵک بەردەوام کۆڵبەری دەکەن چونکە پارە وەردەگرن. هاوڵاتی هەیە باوک و برای لە کۆڵبەریدا گیانیان لەدەستداوە، منداڵەکەی گەورە دەبێت دەڕوات کۆڵبەری دەکات. بۆ نمونە لە خێزانی ئێمەدا برام کۆڵبەرە باوکم جووتیارە بەڵام جووتیاری پارەی تێدا نییە ناچارین کۆڵبەری بکەین ئەگەر سەرکەوتووبین لەوانەیە ژیانمان دابین بکەین، ئەگەر کارگە یان کاری دیکە هەبوایە ڕۆژی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ هەزار تمەن یان لە گوندەکەی ئێمە کرێکاری ڕۆژی ٣٠٠ هەزار تمەنم هەبوایە ناچارنیم بڕۆم بۆ شاخ. تەنانەت ئەگەر سنورەکانیش مینڕێژ بکەن و تەلبەنی بکەن و بە پاسدار سنورەکان دابخەن، بەڵام خەڵک هەر کۆڵبەری دەکەن. ئێمە لە شاری سنوری وەکو بانە و مەریوان دەژین، خەڵک هەمووی کۆڵبەری دەکات بۆیە چارەسەری نییە سەرەڕای کوژران و برینداری و کەمئەندامی. کۆڵبەرمان هەیە کەمئەندامە و لەجێگەدایە بەڵام خێزانەکەی هەر کۆڵبەری دەکەن. بۆیە خەڵک کاری دیکەی نییە و ناچارن کۆڵبەری بکەن. دەوڵەت دەتوانێ چارەسەری بکات کە بازاڕی سنوری خۆی دابنێت کە کۆڵبەر ئازادانە کۆڵبەری بکات، لە چەند ساڵی ڕابردوو هێزەکانی هەنگی مەرزی ٣ بۆ ٤ بازاڕی لە مەریوان دانا زۆرباش بوو، خەڵکی گوندەکان هەفتەی ٢ بۆ ٣ ڕۆژ دەڕۆشتن کێشەیان نەبوو ئازادانە لە بازاڕەکان تەلەڤزیۆن و بەفرگر و بادەم زەمینی و گوێزیان دەهێنا و پارەیان وەردەگرت بەڵام گومرگ و پارێزگار و شارەوانی دەستیان بەسەر بازاڕدا گرت و دواتر کارتی سنووریان بە خەڵکدا و بڕیاربوو هەر کەسێک مانگێک ٧٠٠ هەزار تمەن وەربگرێت ئێستا ساڵی ٧٠٠ هەزار تمەنیش نادەن، خۆم کارتی سنووریم هەیە ساڵی دوو جار ٥٠٠ هەزار تمەن وەردەگرم کە دەبێتە ملیۆنێک تمەن بۆ ساڵێک. بەڵام نوێنەران وتیان هەر کەسێک مانگی ٧٠٠ هەزار تمەن وەردەگرێت، بۆ نمونە خێزانێک سێ کەس بێت مانگێک ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن وەردەگرێت، بەڵام ٢ ملیۆن ١٠٠ هەزار تمەن بووبە ملیۆنێک تمەن لە ساڵێکدا، دواتر خەڵک ڕۆشتن کۆڵبەری لە سنورەکانی نافەرمی بکەن.