کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “کانی زەرد”ی ئەم شارە بە سەختی برینداربوو.
![](https://ku.kolbarnews.com/wp-content/uploads/2024/07/photo_2024-07-01_17-05-30-1024x606.jpg)
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “کانی زەرد”ی سەردەشت کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو. ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکە “ئیبراهیم ئیبراهیمی” تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “پاشبەرد” و دانیشتووی “نەڵاس”ی سەربە شاری سەردەشتە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو لە “لاقی ڕاست”ی برینداربووە و بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زاینی، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٣٤ کۆڵبەر واتا (١٣٪) کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا (٨٧٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢٢٢ حاڵەت واتا (٨٢٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژراون و برینداربوون، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵ ٢٠٢٤ زاینی، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ زاینی، ئێمە شایەتی بەرزبوونەی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنوورری کوردستان بووین.