دەرکردنی ئەحکامی ئێعدام بۆ ژنانی هێمای ئازادی و ئازاد ژیان نیشانەی ئەوپەڕی داماوی کۆماری ئیسلامی

دەزگای بێدادی کۆماری ئیسلامی دوای دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی، هەڵسوڕاوی کرێکاری، لە گیلان، پەخشان عەزیزی، چالاکی ژنان و یارمەتیدەری ئینسانە خاوەن پڕەنسیپەکانی لە کوردستان بە پەروەندەسازی بە ئێعدام مەحکوم کرد.
پەخشان، کە هەڵسوڕاوێکی ئینسان دۆست، مەدەدکارێکی خوێندەوار و سیاسی و ژنێکی وشیار و خەڵکی مهابادە، یەکەم جار ڕێکەوتی ٢٥ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٨ لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران دژبە ئێعدامە سیاسیەکان لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گیرا. ئەو دوای ٤ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ئەو جارێکی تر لە ڕێکەوتی ١٣ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٠٤٢ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و برایە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوین. ئەو لە هەمان سەرەتای گیرانیەوە بۆ وەرگرتنی ئێعتیرافی ئیجباری و ڕازی بوون بە داخوازی بازجوە پەروەندە سازەکان بە توندی خرایە ژێر ئەشکەنجەوە. خۆی لە نامەیەکدا لە زیندان و لە هەمان مانگی جولای ساڵی ٢٠٢٤ دەنووسێ:” لە هەمان ڕۆژی یەکەمی بازجوییدا، سەرەڕای پێشنیاری قەزایی نەکراوی پەروەندەکەی بە بێ دەنگی و بەپەلە پەروەندە سازیەکەی کامڵ دەکرێت.
  ( لەبەر ئەوەی تەسلیم نابێت) چەندین جار لە کاتی بازجوییدا هەڵیدەواسن. ١٠ میتر بە ناخی زەویدا دەیبەنە خوار و هەڵیدەکێشنەوە. … زۆر جار سەری بە سەندەڵی بازجوویی دا دەکێشن. سوکایەتی، تەوهین و هەڕەشەی هۆویەتی و مێژوویی بەسەریدا دەبارێت. ئەمانە بەگشتی لە بارودۆخێکدایە کە لە خراپترین حاڵەتی ڕۆحی و جەستەییدا قەراری گرتووە. ئەو بارودۆخە بەرهەمی ماوەیەکی دوور و درێژ و ٥ مانگ ژووری تاکەکەسییە کە وەحشەتناک ترین ئەشکەنجەی سپیە.
پەخشان لەم نامەیەدا بەم شێوەیە داکۆکی لە چوونی بۆ کوردستانی سوریە و خزمەت بە ئاوارە و بریندارەکانی هێرشی داعش و باقی تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە بەرانبەر ئەشکەنجە و هاوار و هەڕەشەی بازجووەکاندا دەکات:” سەرجەمی هەوڵ و چالاکیەکانم لە ڕاستای یارمەتی گەیاندن و ئەنجامدانی ئەرکێکی مێژوویی بووە سەبارەت بە ئەزموونەکانی ژیانم و ئەو سەرکوتە مێژووییانەی بەرانبەرم کراون.”
ئەو لە تەمەنی لاویدا مەترسی قەبووڵ کرد، و چوو بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێ سەرجەم هێز و تواناییەکانی خۆی وشیارانە و مەدەدکارانە خستە خزمەت ژنان و پیاوانێکی داعش شکێنەوە کە بە دانی ١٣ هەزار گیانبەخت کردو یەکێک لە فاشیستی ترین تیرۆریستە ئیسلامیەکانی جێی پشتیوانی دەوڵەتانی تورکیە و عەڕەبستانیان تێکشکاند. ئەو ئەزموون و زانیاریەکانی مەدەدکار بوونی نایە ئیختیار خەڵکێکەوە کە لە باکور و باکوری ڕۆهەڵاتی سوریە گیانێکی خۆبەڕێوەبەریی دیموکڕاتیک و لایەنگری سروشتیان بونیات نابوو وە بە شێوەیەکی فیداکارانە داکۆکیان لێدەکرد. ئەم سیستمە دڵخوازی ئازادیخوازان و مۆدێلێکی جەماوەری پڕ لە ئەزمونە بۆ هەڵسوڕاوانی سیاسی لە سەرتاسەری دنیادا.
  پەخشان لەم بارەیەوە دەڵێ:” دیارە باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە ڕێگایەکی ڕاست بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکیش لە بنەڕەتدا بەرهەمی گرتنەبەری شێوەیەکی دیموکراتیکە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی– سیاسی کە خەڵک خۆیان کاروباری کۆمەڵایەتی خۆیان دەدەنه‌ بەر باس و هەڵسەنگاندن، بۆیان گرنگە و ڕێگا چارەی بۆ ئەدۆزنەوە. بەشداری بەشی زۆری خەڵک لە چارەسەرکردنی بابەتە کۆمەڵایەتیەکاندا یەکگرتویی کۆمەڵایەتی و ڕێگای دەرچوون لە قەیرانەکانە و ئەمەش عەینی ژیان بەسەربردنی زانستی و زانستیی ژنە کە دەستەبەربوونی دیموکراسی دەستەبەربوونی ئازادی لێدەکەوێتەوە.”
  دوای دەرکرانی حوکمی ئێعدام و خستەنەپاڵی تاوانی گاڵتە جاڕانەی “بەغی” مازیار تاتایی و ئەمیر رەئیسیان، وەکیلەکانی پەخشان عەزیزی بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی دەرچوونی حوکمی ئێعدام بۆی، بە ڕاگەیەنەرەکانیان وت:” بە داخەوە شوعبەی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بۆ خانمی پەخشان عەزیزی حوکمی ئێعدامیان داوە و ئەم حوکمەش هەڵبەت سەرەتاییە و ئێمە خەریکی تەنزیمی لایەحەی دادخوازی و تۆمارکردنی دژایەتین بەرانبەر بەم حوکمە.”
مازیار تاتایی بۆ زانیاری گەیاندنی زیاتر وتی:” وای دابنێین بوونی وێنەیەک لە تاوانبارێک بە چەکەوە لە ناوچەیەکدا کە کەوتۆتە بەر هێرشی داعش و نیشانەی هاتوچۆکردنی ئەو بێت بە چەکەوە لە سوریەدا، پرسیار ئەوەیە کە بەفەڕزی هەڵگرتنی چەک لە سوریە لە کاتی جەنایەتی داعشدا و لە ناوچەیەکدا کە هیچ هێزێکی ئێرانی لێنەبووە، چۆن دەبێتە هەوڵدانی چەکدارانە دژبە نیزامی کۆماری ئیسلامی؟”

هەواڵی دەرکرانی حوکمی بێ بنەمای ئێعدام بۆ پەخشان، کە دوای دەرکرانی حوکمێکی هاوشێوە بۆ شەریفە محەممەدی، بڵاو دەبێتەوە قین و توڕەیی زۆری لە کۆمەڵگادا لێکەوتۆتەوە. ئەم نەفرەت و قینە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بڵاو بۆتەوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەرکرانی ئەم جۆرە حوکمانە تۆڵەی سەرانی ڕژیمە لە شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” بە پێشەنگایەتی ژنان.
مەئمورانی قوەی قەزاییە و زیندانوانانەکان هەواڵی دەرکرانی حوکمی ئێعدامەکەیان ڕۆژی سێ شەممە لە حاڵێکدا بە پەخشان عەزیزی راگەیاند کە زیندانیانی سیاسی لە بەندی ١٦ی زیندانی ئەوین دژبە حوکمی ئێعدامی ئەو و بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە مانگرتن لە خواردندا بوون. ئەم کەمپەینە کە لە ٢٦ هەفتە لەوەپێشەوە کەوتبووە ڕێ و تا ئەمڕۆش، کە زیندانیانی سیاسی ٥ زیندانی دیکەی پێوە پەیوەست بوون، بۆتە جێی پشتیوانی بەرینی خەڵکی ئێران و دەرەوەی وڵات و خەریکە بەرینتریش دەبێتەوە. بێ گومان دەرکرانی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان و شەریفە بزوتنەوەی دژی ئێعدام لە کۆمەڵدا بەرین تر و قوڵتر دەکاتەوە. دەبێ بە هیممەتی خەبات لە دەرەوەی زیندان دەستی ڕژیمی ئیسلامی لە گەیشتنەگیانی زیندانی بەندکراو کورت بکرێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ دەستبەسەرکرانی چالاکێکی ژینگە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە

پ جولای 25 , 2024
“ئومید ئەحمەدی” چالاکی ژینگە و خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەمە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هێزە ئەمنیەکانی شاری سنە “ئومید ئەحمەدی”یان دەستبەسەرکرد. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنیەکان بەبێ بڕیاری دادگا ئەم چالاکەی ژینگەیان لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکردووە. ئومید ئەحمەدی تەمەن […]

You May Like