کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی پێنجشەمە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو. ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکە ڕزگار خەلکانی، کوڕی عەلی و خەڵکی شاری سەردەشت بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. ڕزگار خەلکانی، خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.
شایانی باسە کە ناوبراو بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی تر کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، ٣٤ کۆڵبەر واتا ١٣٪ کوژران و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا ٨٧٪ برینداربوون.
لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ کوژران و برینداربوون، ٢٢٢ کۆڵبەر واتا ٨٢٪ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژران و برینداربوون، ٢٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣، ئێمە چاودێری زیادبوونی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنووری کوردستان بووین.