ڕۆژی جیهانی پەروەردە و پێویستی پەرەسەندنی خەبات لەپێناو جیایی دین لە پەروەردە و لە دەوڵەت

دوێنێ چوارشەممە، ٤ی ڕێبەندان، لە ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕۆژی جیهانی پەروەردە بوو. تەوەری سەرەکی مەراسیمەکانی ئەمساڵ “پەروەردە لەپێناو ئاشتی بەردەوام“دا ڕاگەیەندراوە. ڕێوڕەسمەکانی ئەمساڵ لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچن کە جیهان لەگەڵ قەیرانی ئابووری، ئاڵۆژی سیاسی، شەڕ لە ئۆکراین، جینۆساید لە غەززە، تێکچوون و وێرانبوونی ژینگە، گەشەی ڕەگەزپەرستی، پەرەسەندنی جیاوازی قووڵی چینایەتی، نزیکەی یەک ملیارد کەسی برسی و گەلێک نەهامەتی تر بەرەوڕووە. جیهان لە دۆخێکدا ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی پەروەردە بەڕێوە دەبات کە لە درێژەی خەبات لەپێناو پاراستنی ژینگە، چەوسانەوە و ستەم و سەرەڕۆیی، خەبات دژە بە ڕەگەزپەرستیش بەردەوامە. بە شێوەیەکی ئاسایی پەروەردە واتە پرۆسەی فێربوون لە قوتابخانە و زانکۆ و ناوەندەکانی تری خوێندندا. بەڵام پەروەردەی تەواوکەر و لە گەلێک حاڵەتی واقیعیدا، لە تەکنیکییەوە بگرە تا سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، لە کۆمەڵگادا دابین دەبێت. تەنانەت لەو شوێنانەش کە پەروەردە بە مانای واقیعی وشە لەبەرچاو گیراوە، نابێت کاریگەرییەکانی فەرهەنگ و مەعریفە لە کۆمەڵگادا لەبیر بکرێت. به‌ڵام کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ٢٠١٨ کە ڕۆژی جیهانی پەروەردەی پەسەند کرد، مەبەست لێی هەر ئەو پەروەردە و فێربوونە لە قوتابخانەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی دیکەی خوێندن بوو.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم حکوومەتە کۆنەپەرستەوە، بە ئیسلامیکردنی قوتابخانە و زانکۆکانیان کردە ئەولەوییەتی کارەکانیان. ئامانجیان بریتی بوو لە پەروەردەکردن و بارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی گەنج بەمەبەستی پاراستنی بنەماکانی نیزام و بەرەوپێشبردنی ئامانج و سیاسەتەکانی لە ناوخۆ و ناوچەکەدا. ئەوان بە قەولی خۆیان بڕیاریاندابوو کە سەربازانی گومناو و ناودار باربهێنن بۆ سەپاندنی ئیسلام لە ئێران و ناوچەکەدا. ڕژیم بەم شێوەیە ویستوویەتی لەم ڕێگایەوە بیر و مێشکی منداڵان و تازەلاوانی وڵات هەرچی زیاتر بە ژەهری دەمارگرژی و دوژمنایەتییەکی نالۆژیک و نەخۆش ئاسا لەگەڵ زانست و مەعریفە بشواتەوە. سیاسەتی بە ئیسلامیکردن هەم بە گۆڕینی بەردەوامی کتێب و بابەتەکانی خوێندن و هەم بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی بیری موعه‌لیمان، قوتابیان، مامۆستایان و خوێندکاران بەڕێوە چووە. لە هەر شوێنێک کە ئەم ئامانج و سیاسەتە کۆنەپەرستانە بەرەوپێش نەچووبێت، هەوڵ دراوە بە بەناو ئیسلامیکردنی ناوەڕۆکی دەرسەکان، کەشوهەوای ناوەندەکانی خوێندن، هاوکات لەگەڵ دەرکردن، زیندانیکردن و سەپاندنی بێبەشی جۆراوجۆر بەسەر موعه‌لیمان، خوێندکاران و مامۆستایانی ناڕازی، بگەن بە ئامانجەکەیان. ئەوان لەم پێناوەدا ئاسانکاری و ئیمکاناتێکی زۆریان دابین کردووە بۆ ئەوەی لە بواری پەروەردەدا ڕۆڵی هەرچی زیاتر بە حەوزە و ئاخووند و خوێندکارە ئایینییەکان بدرێت. بەرپرسانی ڕژیم بە بینینی چۆڵبوونی مزگەوتەکان لەگەنجان، خەبات و خۆڕاگری ڕوو لە پەرەسەندنی ژنان و کچان لە بەرامبەر حیجابی ناچاری و بەتایبەتی بینینی لاوانی پڕ جۆش و خرۆش لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی وەک ڕاپەڕینەکانی ١٣٨٨، بەفرانباری٩٦، خەزەڵوەری٩٨ و بەتایبەتیش بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، بە ڕوونی دەرکیان بەوە کرد کە لە ڕاکێشانی گەنجان بەرەولای ئیسلام، شکستیان هێناوە. لەمڕووەوە هەوڵە بێ ئاکامەکانی خۆیان زیاتر خستەگەڕ و جگە لە پۆلیسکردنی کەشوهەوای پەروەردەیی وڵات، ٢١ هەزار خوێندکاری ئایینیان لە قوتابخانەکان و ١٥ هەزار ئاخووندیان لە زانکۆکان دامەزراند. هەوڵەکانیان بە ئاراستەی هەرچی زیاتر فێرکردنی قورئان، حەدیس و سەرگوزشتەی ئیمامەکان و شێواندنی مێژوو و مەکتەبە سیاسی، فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی نەفرین کردنی زانستە مرۆییەکان لەژێر ناوی ڕۆژئاوایی بوون و پەرەپێدانی قوتابخانە شێوە مزگەوتەکان و لەیەک وشەدا گەڕاندنەوەی قوتابخانەکان بۆ سەردەمی مەکتەبەکانی بەر لە مەشرووتە، تەواوکەری ئەو سیاسەتە بووە. هاوکات لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی ڕادیکاڵ و دەرکردنیان، دەستبەرکردنی خوێندکارانی خەباتکار، سزادانی دیسپلینیی ناڕازییان و دەرکردنی مامۆستایانی سەربەخۆ لە زانکۆکانیش، لە ئاستێکی توند و تیژ و بەربڵاودا، لەبیر نەچووەتە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەر هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی ئیسلامی سیاسی و فەرهەنگی “شەهادەت و ئیسار” ئاکامەکەی بووەتە پەروەردەکردنی ملیۆنان دز و چەوسێنەر، درۆزن و ڕیاکاری عەمامە بەسەر و کڵاو و جلوبەرگی جینایەتکارانەی نیزامی لەبەر لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە خوڵقاندن و پەرەسەندنی نەفرەت و بێزاری لەڕادەبەدەر لە ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵگا و بە تایبەتی لە نێو لاواندا. جیایی دین لە دەوڵەت و جیاکردنەوەی پەروەردە و بارهێنان لە ئایین و مەزهەب یەکێک لە سەرەتایترین مافەکانی خەڵکی ئێران، کە حکوومەتی ئیسلامی بە کۆنەپەرستانەترین و سەرەڕۆیانەترین شێوە ئەم مافە بنەڕەتی و سەرەتاییانەی خەڵکی پێشێل کردووە. بۆ ئەوەی بتوانرێت نەوەیەک لە منداڵانی وڵات پەروەردە بکرێن کە فێری زانست و زانیاری بن و دوور بن لە هەر خوڕافاتێکی ئایینی، پێویستە ئەم حکوومەتە سەرەڕۆ و شەڕلاتانە سیاسییانە، لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە. قوتابخانە شوێنی ئەو موعه‌لیمە شەریف، زەحمەتکێش و خوێندەوارانەیە کە دەزانن نەوەی داهاتووی وڵات چۆن بە زانست و زانیاری و بە ئازادی ژیان و بیرکردنەوەی ئازاد پەروەردە بکەن. لەم پێناوەدا پێویستە دروشمەکانی” جێگای مامۆستا زیندان نییە” و “ئازادی زیندانیانی سیاسی!”  ئەولەویەتی زیاتری پێ بدرێت. لە ڕۆژی جیهانی پەروەردەدا، پێویستە لەسەر ئازادکردنی خاتوو سیسیل کۆهلەر و هاوژینەکەی واتە جاک دوپاری، مامۆستایانی زیندانیکراوی خەڵکی فەڕانسە و سەرجەم مامۆستایانی دەستبەسەری ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، جەخت بکرێتەوە. ئەوە ئەم دام و دەزگا قەزاییە پەروەندەساز و گەندەڵەی کۆماری ئیسلامییە کە دەبێ دادگایی و ڕسوای زەمانە بکرێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

"نا بۆ ئێعدام" بە مەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

ش ژانویه 27 , 2024
ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان، بەیاننامەیەک بە واژۆی ٦١ ژنی زیندانیی سیاسیی گرتووخانەی ئێڤین بڵاوکرایەوە. لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە، رۆژی سێشەممە ئێران جارێکی دیکە شایەتی لەسێدارەدانی لاوەکانی بوو. محەممەد قوبادلوو لە دۆخێکدا لەسێدارەدرا کە تەنانەت حوکمی کۆتایی لەسێدارەدانیشی بۆ دەرنەچووبوو. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو کە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئێعدامەکانی ئەم […]

You May Like