“ئازاد عەباسی” چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی دەستبەسەر کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەر نیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، “ئازاد عەباسی” چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای قوڕوە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی بەسەربردنی سزای دوو ساڵ زیندانی خۆی، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری قوڕوە ڕاگوێزرا.
ئازاد عەباسی لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا و لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی دێوڵان بە تۆمەتی «چالاکی تەبلیغی دژ بە نیزام» و بە ساڵێک زیندان و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا کە بەپێی یاسای ڕێژیم سزای توند واتە سزای دوو ساڵ زیندانەکەی جێبەجێ دەکرێت.