ورمێ؛ تۆمەتبارکردنی ڕزگار بەیگزادە بابامیری، لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بە بەغی و موحاربە

ڕزگار بەیگزادە بابامیری، بەندکراوی سیاسی شاری بۆکان تۆمەتی بەغی و موحاربەی دراوەتە پاڵ کە ئەم تۆمەتانە مەترسی دەرچوونی سزای سێدارە لە دژی ئەم هاوڵاتییە زیاد دەکەن. ئەم هاوڵاتییە لە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و هێشتا لە گرتووخانەی ورمێ دەستبەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بە وتەی هێرانا ڕزگار بەیگزادە بابامیری، ماوەی ٦٢٢ ڕۆژە دەستگیر کراوە. ژینۆ بەیگزادە بابامیری، کچی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەبارەی دۆخی باوکیەوە ڕایگەیاند؛ ناوبراو لە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان بەهۆی هاوکاریکردنی بریندارانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ دەستگیر کراوە. ئەم هاوڵاتییە نزیکەی ٤ مانگە لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە دراوە. دواجار ئەم هاوڵاتییە بۆ گرتووخانەی ورمێ گواسترایەوە و تۆمەتەکانی بەغی، موحاربە، گردبوونەوە و چالاکی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکاری دارایی تیرۆریزم، بانگەشە لە دژی ڕژیم، سیخوڕی کردن و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەر، هەبوونی ئامێری ئینتەرنێتی ئاسمانی ستارلینک، هەبوونی چەکی نایاسایی، ئەندامێتی لە کۆمەڵە نایاساییەکان و بەرپرسیارێتی لە تیرۆردا لەلایەن لقی ١٠ی دادگای گشتی و شۆڕشی ورمێوە ئاراستەی ئەم هاوڵاتییە کراون و بۆ دادگاکانی شۆڕشی ورمێ نێردراوە.

ژینۆ بەیگزادە بابامیری لە دێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆسییەکەی ڕزگار بەیگزادە بابامیری لەگەڵ چەند تۆمەتباری دیکەدا هاوبەشە و ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٣، دانیشتنی دادگایی بۆ بەدواداچوون بە تۆمەتەکانی ئەم هاوڵاتییە لە دادگای ورمێ بە تۆمەتی «بەرپرسیارێتی لە کوشتنی چەکدارێکی ئەمنی»، بەڕێوەچوو. ژینۆ بەیگزادە بابامیری لەبارەی ئەم دادگایەوە گوتی؛ هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی بەشداربوونی باوکی لەم کوشتنەدا بوونی نییە.
بەشێکی دیکەی دۆسییەکەی ئەم تاوانبارە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئەم هاوڵاتییە ماوەیەک پێشتر لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتی لقی ١ی دادگای شۆڕشی ورمێ ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە هۆکارگەلێکی وەک ١٣٣ ڕۆژ ماوەی لێپرسینەوە، بەڕێوەچوونی دادگایی بە شێوەی ئەلیکترۆنی، ڕێگریکردنی دادگا لە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە دانیشتنەکاندا و پشتگوێ خستنی سکاڵاکەی لەبارەی ئازار و ئەشکەنجەدانیی لە ماوەی لێپرسینەوەدا، دەربڕیبوو.

ڕزگار بەیگزادە بابامیری، هاوڵاتی شاری بۆکانە و پێش دەستبەسەرکرانی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ج دسامبر 27 , 2024
بە دەستگیرکردنی بێهزاد مەحموودی، هاوڵاتی گوندی پەسوێ لە شاری پیرانشار ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەمدواییەی پیرانشار بوو بە ٢ هاوڵاتی. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی هەینی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ بێهزاد مەحموودی، هاوڵاتی گوندی پەسوێ لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پیرانشارەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان […]

You May Like