کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە سنووری بەستامی سەقز بەهۆی بەفر و زریانی سەختەوە گرفتار و بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، بە هۆی بەفر و بۆرانی سەختەوە، لە بەرزاییە سنوورییەکانی بەستام لە ناوچەی سەرشیوی سەقز گرفتار ماون و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەست نییە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، خەڵکی ناوچەکە و هێزەکانی فریاکەوتنی هەیڤی سوور لە ناوچەکەدا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی ئەم کۆڵبەرانە.
نەبوونی پانێڵی خۆر و پێداویستییە پەیوەندیدارەکان بۆ تاوەری تۆڕەکانی پەیوەندی وای کردووە کە تۆڕەکانی مۆبایل لەو ناوچانەدا کە گرفتی پچڕانی کارەبایان هەیە کێشەیان هەبێت و ئەمە توانای پەیوەندی گرتن لەگەڵ ئەم کۆڵبەرانەدا دژوارتر دەکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣دا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) بریندار بوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ حاڵەتیان (٨٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لە سنوورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. بە بەراورکردنی ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، لەگەڵ نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ی ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.