پەرەسەندنی دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستان، هەوڵی پێشگیرانە

بە پێی ڕاپۆرتەکان، سەرکوتگەرانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٠ کەسیان لە جوگرافیای کوردستاندا دەستبەسەر کردووە. دەستبەسەرکردنەکان لە باکوور و باشووری کوردستان و لە شوێنەکانی وەک کرماشان، ئیلام و سەرپولی زەهاب، هاوکات لەگەڵ توندوتیژی و شکاندنی دەرگا و پەنجەرە و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی کەسیی بەڕێوە چووە. لە شاری سنە، حەوت کەس لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بە بیانووی بەشداریکردن لە پرسەی دایکێکی خەباتکار، بانگهێشتی دادگا کراون. لە شاری مەهاباد، لە هێرشێکی شەوانەدا ١١ کەس دەستگیرکراون. دەستبەسەرکراوەکان کە لەگەڵ تۆمەتی بێبنەما و پەروەندەسازی بەرەوڕوو بوونەتەوە، خۆڕاگرییان کردووە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە دراون و لە دەوا و دەرمان و چاودێری پزیشکی بێبەشیان کردوون. زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان پیاو و گەنجن، بەڵام لەنێویاندا تازەلاو، ژن و کەسانی بەساڵاچوو، هونەرمەندی جەماوەریی، مامۆستای چالاک، ڕۆژنامەنووس، چالاکی ناسراوی کرێکاریی، چالاکی مافی ژنان، ژینگەپارێز و بازاڕیانیش بوونیان هەن. مەئموورانی ڕێژیم زۆرتر لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی زوودا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان و وەڵامی هەر ناڕەزایەتییەک و بەتایبەت داوای مۆڵەتی دادوەری و هۆکاری دەستبەسەرکردنەکانیان بەشێوەیەکی دڕندانە داوەتەوە. تەنانەت دوای دەستگیرکردنەکانیش، بەرپرسانی دادوەری و ئیتلاعاتی، وەڵامێکی ڕوون و باوەڕ پێکراویان بەو بنەماڵانەش نەداوەتەوە کە داوای ڕوونکردنەوەی دۆخی منداڵ و کەسوکارەکانیان کردووە.

بەڵام لە نێو دەنگۆکاندا هەندێک هۆکار ئاشکرابوون کە بریتین لە: تۆمەتی هاوکاری یان ئەندامێتی لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، بڵاوکردنەوەی بابەت و ناوەڕۆکی دژ بە ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چوون بۆ سەر گڵکۆی گیانبەختکردوان، ستایشکردن و بەرز نرخاندنی هەوڵ و تێکۆشانی بوێرانە و خۆڕاگرییان لە بەرامبەر سەرکوتگەراندا، نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئارمان و بیروباوەڕەکانیان و هتد. لەم دواییانەدا تەنانەت بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری و زەماوەندیش، بووەتە هۆکاری بانگهێشتکردن. بۆ نموونە ڕۆژی ١١ی بەفرانبار، ٥٨ لاو لە شاری پیرانشار بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری و هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ، بانگهێشتی دادگا کراون. جگە لەم دەستبەسەرکردنانە، هەواڵی لەسێدارەدانی چەندین کەسیش لە زیندانەکانی کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان بڵاو بۆتەوە.
ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتدارانەی پێیان لەسەر لێواری مەرگە، لە جوگرافیای کوردستاندا بەڕێوەی دەبەن، درێژەی هەمان ئەو ڕێوشوێنە سەرکوتگەرانەیە کە لە بەشەکانی دیکەی ئێرانيش ئەنجامی دەدەن، بەڵام لە ئاستێکی بەربڵاوتردا. ئەڵبەتە ئەم ڕادەیە لە دەستبەسەرکردنەکان و لە مەودایەکی ئاوا کورتدا، ئاماژەیە بۆ سیاسەتێکی تایبەتیش کە ڕێژیمی ئیسلامی لە کوردستان پەیڕەوی دەکات. ئەم ڕێوشوێنانە لە کوردستان، جگە لە سەرکوتکردن، هاوکات دەتوانێ لایەنێکی پێشگیرانەشی هەبێت. قەیرانەکانی ڕێژیم بە ڕادەیەک قووڵ بوونەتەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی وەگیانهاتوو، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی زۆر بە نزیک دەبینن. چاوەڕوانییەکی لەم چەشنە، بنەمایەکی ماددی ڕاستەقینەی هەیە. تێشکانی بڕبڕەی پشتی “مێحوەری خۆڕاگریی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەفیڕۆچوونی هەموو ئەو شتانەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، لەپێناویاندا هەزینەیەکی زۆری کردبوو، کێشەی سووتەمەنی و کارەبا و داخرانی بەردەوامی ناوەندەکانی پیشەسازی و پەرەسەندنی بێکاری، دابەزینی بەهای دراو و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلار و بەهۆیەوە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خۆڕاگری سەرکەتووانەی ژنان، خەبات و مانگرتنی سەرتاسەری کرێکاران و خانەنشینان و هەروەها مانگرتن و ناڕەزایەتیی بازاڕیان، ئیمکانی ماددی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییان فەراهەم کردووە. جگە لەوەش، ئەم ڕۆژانە تەنانەت هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵسووڕاوانی سیاسی، کارناسان و بەشێک لە سیاسەتمەدارانی ناوخۆیی و دەرەکیش، ڕوخانی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات بە ئەگەرێکی نزیک دەبینن و باسی دەکەن.
بە ڕوونی هەست بەوە دەکرێت کە بۆرژوازی ئێران بە هاوکاری ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا و بریتانیا و دەوڵەتەکانی تری ئورووپای ڕۆژئاوا، سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەڵتەرناتیڤێکن لەسەرەوە بۆ جێگرەوەی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات. بەڵام ئەوان ئیمکاناتێکی ئەوتۆیان لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەم مەبەستە. بەر لە هەموو شتێک ئەوان نەک هەر توانایی زاڵبوون بەسەر کێشە ئابوورییە ڕوو لە داڕمانەکەیان نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدەن بارگرانی قەیرانەکە هەرچی زیاتر بخەنە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی نەدار و هەژارتریان بکەن.
لەمڕووەوە هیچ ڕێگەیەکیان نییە جگە لەوەی کە دەبێ خۆیان لەگەڵ سەرکوتی زیاتر و بەتایبەتی لە کوردستان هەماهەنگ بکەن. ڕژیم بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی خەباتکارانە و حیزبیانەی خەڵکی کوردستان، کە نوێترین نموونە بەربەستەکانی لە مانگرتنە گشتییەکان و بە تایبەت لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی و جەماوەری بوونی ئەم ئاخێزە لە کوردستاندا شاهیدی بووین، دەیەوێت ئاخێزە شۆڕشگێڕانە و چاوەڕوانکراوەکەی داهاتووی، پێشوەختە لە بوونی هەڵسووڕاوانی خۆی بێبەش بکات بۆ ئەوەی نەتوانن بە شێوەیەکی ڕێکخراو بێنە مەیدان. سەرەکی ترین شت بۆ کرێکاران و تێکۆشەران و شۆڕشگێڕانی کوردستان، ئەوەیە کە لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی تا ئێستایاندا، هەڵسووڕاوانی خۆیان بپارێزن. پێویستە ئەم کارە لەپاڵ خەبات و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێستا لە بەشەکانی دیکەی ئێرانیش بەڕێوە بچێت. پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان، خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆیان بە خەباتی ناوچەکانى دیکەی ئێرانەوە گرێبدەن و هەموو پێکەوە کار بکەن بۆ ڕێکخستن و بەربڵاوترکردنی هەرچی زیاتری ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەی ئێستا. دەبێ یەکێک لە ئامانجە نزیک و دەستبەجێکان، بریتی بێت لە زەمینە خۆشکردنی هەرچی زیاتر بۆ تێکشکاندنی هێزە بێ ورە و سەرکوتگەرەکان.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شنۆ؛ ئەمیر ڕەحمانی، بۆ بەسەربردنی سزاکەی دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانە گواسترایەوە

ی ژانویه 5 , 2025
ئەمیر ڕەحمانی، هاوڵاتی شاری شنۆ بۆ بەسەربردنی سزای بەندکردنی دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی شنۆ گواسترایەوە. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ ئەمیر ڕەحمانی، هاوڵاتی شاری شنۆ بۆ بەسەربردنی سزای بەندکردنی دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی شنۆ گواسترایەوە. ئەمیر ڕەحمانی، لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ لە شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە […]

You May Like