بێتوانایی لە ئاست دیفاع لە خەڵکی غەززە، بە کردەوەی دراماتیک ناشاردرێتەوە

هێرشی مووشەکیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شاری هەولێری پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاوێکی پاساوهەڵنەگر و چاوەڕواننەکراو، کاریگەرییەکی بەرینی لەسەر بیروڕای گشتی داناوە. سەیرتر ئەوە بوو کە وتیان ئەو کردەوەیە لە تۆڵەی ڕووداوی تەقینەوەکە لە مەراسیمی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئەنجامدراوە. هەر خێرا دوای هێرشە مووشەکییەکە، سپای پاسداران” دۆن کیشۆت ئاسا” وەک ئەوەی لە مەیدانی نەبەرد دا “سەرکەوتنێکی گەورە”ی بەدەستهێنابێت، لە ٣ ڕاگەیاندنی یەک لە دوای یەکدا بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ گرت. پەیوەندی نێوان تەقینەوەی کرمان و هەرێمی کوردستان، ئەوەیش تەنانەت بەبێ خستنەڕووی بچوکترین بەڵگە، ڕێک وەک ئەو پەندە فارسییەیە وایە کە دەڵێت: ” گەنە لە بەلخ ئاسنگەری کرد، سەری مسگەریان لە شووشتەر پەڕاند”!. هەروەها سەبارەت به ئیدیعای کۆماری ئیسلامی که ده‌ڵێت ناوەندی چالاکییەکانی مووساد، ڕێکخراوی سیخوڕی ئیسرائیلی کردۆته ئامانج، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی حکوومەتی عێراق کە خۆی ئەندامی هاوپەیمانی حکوومەتێکی لایەنگری کۆماری ئیسلامییە لە عێراق، دوێنێ لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق لە کاتی سەردانیکردنی شوێنی ڕووداوەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت: “ئێمە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەردانێکی مەیدانیمان کرد بۆ ماڵی ئەو بازرگانەی کە شەوی ڕابردوو لە هەولێر کرایە ئامانج، دەرکەوت ئەو ئیدیعایانەی کە باس لەوە دەکەن بارەگای مووساد کراوەتە ئامانج، بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستی”. بێگومان بەر لە هەر کەس و لایەنێک، ئەوە خودی کۆماری ئیسلامییە کە دەزانێت ئیدیعاکەی چەندە بێ بنەمایە. شتێکی وا لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بێوێنە نییە. بەرلەوەش زۆر جار دوابەدوای هەر ڕووداوێکی کە تیایدا بێتوانایی ڕژیم لە بواری ئەمنیەتیدا دەردەکەوێت، گرتن و زیندانیکردن لە ناوخۆی وڵاتدا پەرەپێدەدات و گوشارەکان لە ناو زینداندا زیاتر دەکات و هەندێک کەسیش بەبێ بچووکترین پەیوەندی لەگەڵ بابەتەکە، لە سێدارە دەدات. هەڵوێست و هەڵسوکەوتی لاواز و داماوانەی کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ جینایەتە دژە ئینسانیەکانی ڕژیمی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە غەززە، لە هیچ کەس شاراوە نییە.

بەڵام کوشتنی ئەندامانی بنەماڵەکەیەک لە هەرێمی کوردستان بە مووشەکی بالیستیک، جگە لە تاوانێکی پاساوهەڵنەگر، ناتوانرێت هیچ ناوێکی تری لەسەر دابنرێت و لە ئاستێکی دیکە دا هاوشێوەی هەمان تاوانە. لاوازیی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لە دیفاع لە خەڵکی ئازارچێشتووی غەززە، بەم ڕێوشوێن و کردارە دراماتیکیانە، لە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی وشیار ناشاردرێتەوە. بەڵام هەڵوێستی دەوڵەتی ئەمریکاش لەم بارەیەوە نیشانەی سات و سەودای شاراوەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکای پێوە دیارە. ئەگەر بە وردی سەرنج بدرێتە هەڵبژاردنی ئەو وشە و ڕستانەی کە ئادرین واتسۆن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، بەکاریان دەهێنێت، بە ڕوونی ئەم ڕاستییە دەردەکەوێت. ناوبراو دەڵێت: ئێمە شوێنپێی ئەو مووشەکانەمان گرتووە کە لە باکوری عێراقیان داوە، هیچ کارمەند و دامەزراوەیەکی ئەمریک نەکراوەتە ئامانج، “ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەمە زنجیرەیەک هێرشی نابەرپرسیارانە و نادەقیق بووە”. ئەم هەڵوێستە ڕیاکارانەیە هاوکات لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە سیستەمی بەرگرییە دژە مووشەکییەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون، دەتوانێت بە ئاسانی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان بکات و پووچەڵیان بکاتەوە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی لەم پێوەندییەدا لەخۆی نیشان نەدا. هەروەک چۆن بینیمان بێ هەڵوێست بوو لە ئاست ئەو هێرشە مووشەکیانەی کە کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب و رێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا کارامەترین هێز و پێشکەوتووترین سیستەمی تەکنۆلۆژیای نیزامی لەم ناوچەیەدا جێگیر کردووە.

سەبارەت بە ڕووداوەکەی دوێنێی هەولێر، کۆمیتەی ناوەندی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە، هەڵوێستی کۆمەڵەی ڕاگەیاند. لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: سپای پاسداران بە فەرمی بەرپرسیارێتی هێرشە مووشەکییەکەی بۆ سەر شاری هەولێر لە ئەستۆ گرت و ئیدیعای ئەوەی کرد کە شوێنی کۆڕ و کۆبوونەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کردۆتە ئامانج. پاساوەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هێرشی مووشەکی شەوی ڕابردوو، دووبارە و بێ بنەما و بۆ هەموو لایەک ئاشنان. ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆماری ئیسلامی کاتێک لە لایەن ئیسرائیل، داعش، یان ئەمریکاوە زەبرێکی بەردەکەوێت، هێزی مووشەکی خۆی دەنوێنێ و بە هەڵبژاردنی ئامانجگەلێکی ئاسان و بەردەست، هەوڵ دەدات لاوازییەکانی خۆی بشارێتەوە.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هێرشی جینایەتکارانەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر شاری هەولێر، بە توندی ئیدانە دەکات و داوا دەکات کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە وڵامی ڕاشکاو و لێبڕاوانەی خۆی، ڕێگە بە ڕژیمی ئێران نەدات کە هەموو جارێک بێباکانە گیان و ژیانی مرۆڤەکان وەک ئامرازێک بەکاربهێنێت بۆ پەردەپۆشکردنی لاوازیی و بێ تواناییەکانی خۆی لە ناوخۆ و ده‌ره‌وی وڵات

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزەکانی ڕێژیم

پ ژانویه 18 , 2024
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری١٤٠٢ بەهۆی دانانی بۆسە و تەقەی هێزەکانی سنووری ڕژیم، کۆلبەرێک لە سنووری نەوسوود بریندار بوو بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “یەحیا” پشتڕاستکراوەتەوە، کە بەهۆی بەرکەوتنی گوللە لەلایەن هێزەکانی سنووریی ڕژیمەوە “لاقی” بە سەختی بریندار بووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کۆڵبەرە بۆ چارەسەر وەرگرتن […]

You May Like