“ئەمجەد گەرماخیزی و نەعیم دۆستی”، دوو چالاکی کرێکاری و لە ئەندامانی کەمپینی دژی لە سێدارەدان بەهۆی بەشداری لە مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەمجەد گەرماخیزی و نەعیم دۆستی، لە چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی کەمپینی دژی لەسێدارەدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم دوو هاووڵاتییە کە لە کارگەیەکی شیرینی کاریان دەکرد، بەهۆی بەشداریان لە مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەسەر شەقام و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکراون.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە تۆمەتەکانی دژ بەم هاووڵاتیانە و شوێنی مانەوەیان زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ئەمجەد گەرماخیزی پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە لە کەمپینی دژی لە سێدارەدان و لە سزای لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن پەنایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.