لە چارەنووسی «ئەحمەد مەحموودی، ئەرسەلان ئومیدی و محەممەد حەسەنی»، سێ کۆڵبەری دەستبەسەرکراو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. یەکێک لەم کۆڵبەرانە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بریندار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سنووری مروێ بە ئاڕاستەی سێ لە کۆڵبەران تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە سەختی لە “پشت و کەمەری”دا بریندار بووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە بریندارە «ئەحمەد مەحموودی» تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی «بڵەسەن»ی سەربە شاری بانە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە کە بە مەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی گواستراوەتەوە.
ناسنامەی دوو کۆڵبەرەکەی دیکە کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکراون، «ئەرسەلان ئومیدی» خەڵکی شاری مەهاباد و «محەممەد حەسەنی» تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری بانە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
ئەم کۆڵبەرانە لە سنووری “زەڵێ”ی سەربە شاری سەردەشت، هاتوونەتە ناو سنووری “مروێ”ی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تەقەیان لێکراوە و دەستبەسەر کراون.