تەیب ڕۆستەمی، کۆڵبەری ٣٤ ساڵەی خەڵکی بانە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، تەیب ڕۆستەمی لە ناوچەی سنووریی «سورکێو»ی سەر بە شاری بانە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی و گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، هێزەکانی هەنگی مەرزی بێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەکی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە، ئەم کۆڵبەرەیان بە چەکی کلاشینکۆف کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
تەیب ڕۆستەمی خێزاندار و خاوەنی منداڵێک بوو، هاوسەرەکەشی لە ئێستادا سکی پڕە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە ساڵی ١٤٠٤ هەتاویدا، بە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٢٦ کۆڵبەر واتا (٤٦٪) کوژراون و ٣١ کۆڵبەر واتا (٥٤٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤ دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٤٤ حاڵەت واتا (٧٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢ کەسیان واتا (٤٪) منداڵانی کۆڵبەری خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی عێراق (حرس الحدود) گیانی لەدەستداوە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ٦٩ لەسەدی کۆی گشتی کوژراو و برینداران لە ساڵی ١٤٠٤ بەراورد بە ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی کوژراوان لە کۆی گشتی زیانەکان لە ٢٨ لەسەدییەوە بۆ ٤٦ لەسەدی زیادی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری زیادبوونێکی بەرچاوە لە بەشی کوژراوان لە کۆی گشتی زیانەکاندا و ئاماژەیە بۆ کوشندەتربوونی ڕووداوەکان لە ساڵی ١٤٠٤دا.

