«ئەفشین حسێن پەنایی»، برای «ڕامین حسێن پەنایی»، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو، لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری سنە بۆ زیندانی ئەم شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، «ئەفشین حسێن پەنایی» بە کۆتاییهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی، لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری سنە بۆ زیندانی ئەم شارە گواسترایەوە. هەروەها، دادوەری بەڵگەنامەکەی بۆ ئازادی ناوبراو بەشێوەی کاتی، دانانی بارمتەی پێنج ملیارد تمەنی دەرکردووە کە تا ئێستا بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە دابینی بکەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، «بەشداری لە ڕێوڕەسم و کۆبوونەوە نایاساییەکان» لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەفشین حسێن پەنایی بووە.
«ئەفشین حسێن پەنایی»، لە ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەرکرا.
«ئەفشین حسێن پەناهی»، برای ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە و مامەڵەی یاسایی هەبووە.
شایانی باسە، لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧، «ڕامین حسێن پەناهی» لەگەڵ دوو زیندانی سیاسی دیکە بە ناوەکانی “زانیار مورادی و لوقمان مورادی” لەسێدارەدران. ئەم لەسێدارەدرانە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە کە جێبەجێکردنی سزاکە بە پارێزەرانی ئەوان ڕانەگەیەندرابوو و هیچ یەکێکیان ئەگەری ئامادەبوونیان لە کاتی جێبەجێکردنی سزاکەدا نەبوو. بە پێچەوانەی یاساوە تەرمی لەسێدارەدراوان بۆ بنەماڵەکانیان نەگەڕێندرایەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەدەکرد کە لە شوێنێکی نادیاردا ئەسپەردە کراون. هەروەها هەڕەشە لە بنەماڵەکانی ئەم کەسانە کراوە کە خۆیان لە ناڕەزایەتی دەربڕین و هەواڵ گەیاندن بەدوور بگرن. ئەم لەسێدارەدانانە چەندین کاردانەوەی دیکەی لە نێوان ناوەندە ئەمنییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و پارێزەرەکانی ئەواندا بەدوای خۆیدا هێنا.