«کامران ساختمانگەر»، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، سەرەڕای تێپەڕبوونی شازدە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، تا ئێستا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە چارەنووسێکی نادیاردا بەسەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «کامران ساختمانگەر»، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، سەرەڕای تێپەڕبوونی شازدە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، تا ئێستا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە چارەنووسێکی نادیاردا بەسەردەبات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو تا ئێستا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە. هەروەها بنەماڵەی ناوبراو پاش بەدواداچوون بۆیان دەرکەوتووە کە ناوبراو لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بەسەردەبات و لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
«کامران ساختمانگەر» لە حەڤدەی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەرکرا.
دانیشتنی دادگای ناوبراو لە ناوەڕاستی بەفرانباری ئەمساڵدا، لە لقی ١٠٩ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری سنە بە تۆمەتی «بوختانکردن» بەڕێوەچووبوو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ئەم دۆسیەیە بە سکاڵای دادستانی شاری سنە و جەهانگیر ئەلیاسی، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و شارسازی کوردستان، لە دژی «کامران ساختمانگەر» کراوەتەوە. هۆکاری سکاڵاکە، بڵاوکردنەوەی سەرپێچییەکانی بەڕێوەبەرانی ناوەندە جیاوازەکان و پێشکەشکردنی بەڵگە پەیوەندیدارەکان لەلایەن ناوبراوەوە بووە.
«کامران ساختمانگەر» پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر و سزای بەسەردا سەپێندراوە.