مەهاباد؛ هەڕەشەی تەلەفونی لە چالاکوانی کرێکاری واحد سەیدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان

واحد سەیدە، لە چالاکانی ناوداری کرێکاری و لە ئەندامانی پێشووی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ هاوکاری لە دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بەهۆی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی جووتیارانی زیان پێگەیشتووی شاری مەهاباد لەڕێگەی تەلەفون هەڕەشەی لێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ڕۆژانی ڕابردوودا، واحد سەیدە، لە چالاکانی خۆشناوی شاری مەهاباد و لە ئەندامانی پێشووی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ هاوکاری لە دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بە تەلەفون هەڕەشەی لێکراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفون هەڕەشەیان لە ناوبراو کردووە لە ئەگەری ئامادەبوون لە گردبوونەوەی جووتیارانی زیان پێگەیشتووی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد، دەستبەسەر و دۆسیەی دادگایی بۆ دەکرێتەوە.

واحد سەیدە، لەگەڵ یوسف ئابخەرابات و محەمەد مەولانایی، سێ لە ئەندامانی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ هاوکاری لە دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لە هەژدەی بەفرانباری ١٣٩١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٥١ ڕۆژ لە دەستبەسەری پاشان بە پێدانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا تەواوبوونی لێپرسینەوەکەیان لە زیندان ئازادکران.

سەرەنجام لە هەژدەی خەرمانانی ١٣٩٢، واحد سەیدە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری مەهاباد، بە تۆمەتەکانی وەکو “ئەندامبوون لە کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ هاوکاری لە دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان”، “بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی یەکی مانگی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار” و “بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن”، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شاری مەهاباد کرا.

سەرەنجام لە دوازدەی خەزەڵوەری ١٣٩٤، واحد سەیدە پاش تێپەڕاندنی دوو ساڵ لە زیندانیکردن، لە زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد ئازادکرا.

واحد سەیدە، بەهۆی چالاکییە سنفی و چینایەتییەکانی خۆی پێشتر دەستبەسەرکراوە لە ساڵی ١٣٩١ لە کەرەج، بانگهێشت و لێپرسینەوەی لە ساڵی ١٣٩٦ لە مەهاباد لێکراوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەهاباد؛ بانگهێشت و هەڕەشەی تەلەفونی لە مەنسوور ڕەحیمی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات

ش مه 10 , 2025
مەنسوور ڕەحیمی، چالاکوانی کۆمەڵایەتی و وێنەگر، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشە و لە ڕێگەی تەلەفون بانگهێشت کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی هەینی نۆزدەی گوڵانی ١٤٠٤، مەنسوور ڕەحیمی، چالاکوانی کۆمەڵایەتی و وێنەگر و خەڵکی شاری مەهاباد، لە ڕێگەی تەلەفون لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشە و بۆ ئامادەبوون لەم ناوەندە ئەمنییە بانگهێشت کراوە. ئەم […]

You May Like