ئاماری ساختە سەبارەت بە باشتربوونی دۆخی ئابووری و بوونی پۆتانسێلی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆمەڵگادا

ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا، ئاماژەی بە باشتربوونی ڕێژەیی دۆخی ئابووری مانگی گوڵان بە بەراورد لەگەڵ خاکەلێوە و هەروەها ڕەوتی ڕوو لە دابەزینی هەڵاوسان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە هێندە بێ بنەماڵە و ناڕاستە کە لەلایەن بڵاوکراوە ڕێگەپێدراوەکانی ناوخۆی وڵاتەوە کەوتۆتە بە ڕەخنە. ئەم نموونانەی خوارەوە بەشێکن لە ڕا و بۆچوون و ڕەخنەی کەسانی پسپۆڕ، کەسانی نزیک لە حکوومەت یان کاربەدەستانی حکومەتیی، لە ڕەتکردنەوەی ئەو ئامارە ساختانەدا: ڕۆژنامەی “ئابووری ئەمڕۆ” نووسیویەتی ناوەندی ئاماری ئێران باس لە دابەزینی یەک لەسەدی ڕێژەی هەڵاوسان دەکات، کە بەپێی ئاماری ناوەندە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکانی وەک بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئێران لە ڕیزی خوارەوەی وڵاتانی جیهاندایە. ڕۆژنامەی “کار و کارگەر” نووسیویەتی: “هێڵی هەژاری لە کوێیە و ئێمە لە کوێین؟” ڕای کارناسان و شارەزایان سەبارەت بە ئاستی هێڵی هەژاری جیاوازە؛ ئامارەکان باس لە ٢٠ ملیۆن بۆ ٢٥ ملیۆن تمەن دەکەن. 

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەو کرێکار و خانەنشینانەی که لانی زۆری داهاتیان دەگاتە ١٢ ملیۆن تمەن، بەم حاڵەوە چۆن ژیان بەسەر دەبەن؟ چاوەڕوانی چی لە کرێکارێک دەکرێت کە بەردەوام لە خەمی دابینکردنی خەرجییەکانیدایە و هیچ ڕێگا چارەیەکیش شک نابات! لە ئاوا دۆخێکدا، لە هێڵی بەرهەمهێناندا، لە گیانی خۆیان مایە دابنێن و کار بۆ گەشەسەندنی بەرهەمهێنان و ئابووری بکەن. ڕۆژنامەی “ئیعتیماد” دەنووسێت: ئابووری ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، ساڵی ١٤٠٣شی بە دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و فرۆش، دەستپێکردووە. بەجۆرێک کە پێوەرەکانی بەرهەمهێنانی شیرکەتە گەورەکانی بورس لە مانگی خاکەلێوەدا بە بەراورد بە کۆتایییەکانی ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەی ١٣.٦% و پێوەرەکانی فرۆشتنیش بە ڕێژەی ٣٤% دابەزیوە. ڕۆژنامەی “هەمدڵی” دەنووسێت: “ئاماری مامناوەندی خواردنی گۆشتی سوور بە ڕادەیەک کەمبووەتەوە کە دەکرێت بڵێین ئەم بەرهەمە بە تەواوی لە سەبەتەی ماڵی زۆرینەی خەڵک لابراوە”. ڕۆژنامەی “ئەبرار” نەک هەر ئەم ڕاپۆرتە بە ناڕاست دەزانێت، بەڵکوو دەنووسێت: “ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کەمبوونەوەی هەڵاوسان لەبەردەم ئابووری ئێراندا نییە”. ڕۆژنامەی “دونیای ئیقتیساد”یش دەنووسێت: “زیادبوونی بەکارهێنانی خۆراکی بنەماڵە، سێ ڕووداوی هاوکات نیشان دەدات؛ یەکەم: زیادبوونی پشکی خۆراک لە کۆی گشتی خەرجییەکانی بنەماڵە، دووەم: کەمبوونەوەی کۆی گشتی خۆراکی بنەماڵە، واتە کەمبوونەوەی ئاستی پێویستی کالۆری بنەماڵە و سێیەمیش کەمبوونەوەی کوالێتی کالۆری بنەماڵە”. 

ئامار و زانیارییەکانی کۆماری ئیسلامی، هیچکات ڕووی ڕاستەقینەی هەژاری لە ئێران نیشان نادەن. لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی تەنانەت ئاماری قوربانیانی کارەساتە سروشتییەکانیش دەستکاری دەکەن، نابێ چاوەڕوانی ئەوەیان لێ بکرێت کە لەم بابەتەوە ئاماری واقیعی ڕابگەیەنن. ئیبراهیم ڕەئیسی (جەلادی ٦٧ ) کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر کوژرا، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بەڵێنی دابوو کە لە ماوەی یەک ساڵدا هەژاری لە ئێران بنبڕ دەکات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ئەودا زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران، یەکێک لە دژوارترین ساڵەکانی ژیانی ئابووری خۆیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا ئەزموون کرد. واقیعییەت ئەوەیە کە هەژاری لە ئێراندا سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ڕژیمی دەسەڵاتداری ئیسلامی. دەستێوەردان لە قەیرانە ناوچەییەکان و خەرجکردنی ساڵانە دەیان ملیارد لەو بوارەدا، بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی، خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە ئاینییەکان و هەموو ئەمانەش لە سەر بەستێنی گەندەڵییەکی دارایی جێکەوتوو، چەندین ترلیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئەم وڵاتە و حاسڵی ڕەنج و کاری ئەوانی بەفیڕۆ داوە. لە ئاکامی ئەم جۆرە سیاسەتانەدا، ئەمڕۆ زیاتر لە ٧٠٪ خەڵکی ئێران چوار هێندە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم دۆخە بە نۆبەی خۆی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی نائاسایی و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان لەناو زبڵ و خاشاک، خەوتنی منداڵان لەناو کارتۆن و خۆکوشتن و هتد.

سەرەڕۆیی و خەفەقان، هەڵاوسان و گرانی، بێکاریی دە ملیۆنی، برسێتی و هەژاری و هەروەها دروستبوونی کەلێنی قووڵی چینایەتی، ژیانی لە چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا تاڵ کردووە. بێگومان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ئازارچێشتووی ئێران کە ٤٥ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە جینایەتکار و چەوسێنەرەدا لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی کار و بژێوی ژیانیاندا خەبات دەکەن، لەژێر ئەم هەلومەرجەشدا خەباتی خۆیان درێژە پێدەدەن. کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئازارچێشتوو، کە گوشارەکانی بژێوی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیون، هیچ ڕێگایەکی دیکەیان نییە جگە لەوەی کە دەبێ بۆ ڕزگاربوون لەو دۆزەخەی کە نیزامی سەرمایەداری ئیسلامی خوڵقاندوویەتی، قۆڵی لێ هەڵبماڵن و بەبێ ترس لە هەر چەشنە سەرکوت و زەخت زۆرێک، خەباتی چارەنووسسازی خۆیان شێلگیرانەتر و لێبڕاوانەتر لە پێشوو، لە هەمو بوارەکاندا لەدژی سەبەبکاران و خوڵقێنەرانی ئەم هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە، بەرەوپێش ببەن. ئەوەی کە لە ناخی ئەو هەموو نەهامەتیانەدا و لە جەرگەی ئەو هەموو هێرشانەی کە دەیکەنە سەر سفرەی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە، کۆمەڵگا بەردەوام شاهیدی ناڕەزایەتی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و هیترە، نیشانەی ئاشکرای بێنمەمابوونی ئیدیعاکانی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیمە سەبارەت بە باشتربوونی دۆخی ئابووری و هاوکات، بوونی پۆتانسێلی تەقینەوەیەکی بەهێز لەم کۆمەڵگایەدا. خەڵک لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیاندا، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەرک بەو ڕاستییە دەکەن کە تەنیا ڕێگای ڕزگاربوون لەم بارودۆخە پڕ لە نەهامەتییە، بریتییە لە پەرەپێدان بە ناڕەزایەتییەکان، هاتنە سەر شەقامەکان، مانگرتن لە کارگە و ناوەندەکانی پیشەسازی، بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی و هەروەها ئامادەکارییەکی هەمە لایەنە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ی مه 26 , 2024
“ئەشکان ئیسماعیل نژاد” هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان، لە ئەنجامی کاردانەوە و بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە پێوەندی لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەیسی، پاش بانگهێشتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەرکرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، “ئەشکان ئیسماعیل نژاد”، هاووڵاتی خەڵکی گوندی “قاجر”ی سەربە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە […]

You May Like