
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا، بە کۆی گشتیی ٥٧کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و دەرەوەی ئەم سنوورانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون.
🔸لەم ژمارەیە ٢٦ کۆڵبەر واتە (٤٦٪) کوژران و ٣١ کۆڵبەر واتە (٥٤٪) برینداربوون.
🔸لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٤٤ حاڵەتیان واتە (٧٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە.
🔸لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢ کەسیان واتە (٤٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی عێراق (حەرەس حدوود) گیانی لەدەستداوە.
🔸هەروەها لەم ڕێژەیەدا، یەک کۆڵبەری بەلووچیش بوونی هەیە کە بە هۆی ئاگرتێبەردان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە قورسی بریندار بووە.
🔸وێڕای کەمبوونەوەی ٦٩ لەسەدی کۆی گشتی کوژراو و بریندارانی کۆڵبەر لە ساڵی ١٤٠٤دا بەراورد بە ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی کوژراوان بەراورد بە سەرجەمی قوربانیان لە ٢٨٪ بۆ ۴۶٪ بەرز بووەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی جێی سەرنجی ڕێژەی کوژراوان لە کۆی گشتی قوربانیان و ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە هێرشەکان لە ساڵی ١٤٠٤دا بۆ سەر کۆڵبەران بە ئاستێکی بەرچاو توندوتیژانەتر بوون.
🔸بە هەژمارکردنی ڕێژەی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا (١٣٩٨-١٤٠٤) بە گشتی١٦١٢ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون؛ لەم ڕێژەیە ١٢٦٠ کۆڵبەر واتە (٧٨٪) بریندار و ٣٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٢٪) گیانیان لە دەست داوە. هەروەها لەم هەژمارە، ١٢٦٤ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان ڕووی داوە.

