حسێن دەوڵەتخوا، کۆڵبەری خەڵکی ماکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی تورکیە گیانی لەدەستدا. وەحید دەوڵەتخوا، برای تەمەن ١٧ ساڵ کە پێش ٨ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی کۆماری ئیسلامی کوژرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی سێشەممە یازدەی سەرماوەزی ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی تورکیە لە سنووری ماکۆ کوژرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «حسێن دەوڵەتخوا»، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی «یارمق» لە ماکۆ بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی هەنگی مەرزی تورکیە، حسێن دەوڵەتخوا لەکاتێکدا لە سنووری ئێران بووە، تەقەی ڕاستەوخۆیان لێکردووە. شایانی باسە تەرمی حسێن ڕۆژی سێشەممە بۆ نەخۆشخانەی فەجر لە ماکۆ گواسترابوویەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە لە گوندەکەئ ئەسپەردەکرا.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٣٠ گەلاوێژی ١٣٩٦، وەحید دەوڵەتخوا منداڵ کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ، برای بچووکتری حسێن دەوڵەتخوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی برینداربوو، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤، بە گشتی ٣٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ١٧ کۆڵبەر واتا (٤٦٪) کوژراون و ٢٠ کۆڵبەر واتا (٥٤٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤ دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٣٢ حاڵەت واتا (٨٦٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ١ کۆڵبەر واتا (٪٣) کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری عێراق (حرس الحدود) بۆتە هۆی کوژرانی ئەم منداڵ کۆڵبەرە.

