ئاڤان گاردی نادیار و شۆڕشی نائامادە

سەرنجەکانی نوێی واڵتەر بینیامین دەربارەی کایەی شاری مۆسکۆ لە ساڵانی ١٩٢٠

نووسەر؛ ئیرینا سێتیس

وەرگێڕان لە ئینگلیزی؛ ڕۆمان میرەکی

واڵتەر بینیامین پایز و زستانی ١٩٢٦ – ١٩٢٧ی لە مۆسکۆ بەسەربرد. ئەزموون و سەرنجەکانی تۆمارکراون لە (نووسینەکانی مۆسکۆ) و ٢ وتاری مۆسکۆدا. لەم پەڕاوەی بەردەستدا ئەوەی دووەمیان وەک سەرچاوە بەکاردەهێنم، کە تێیدا بینیامین لەسەر کایەی پایتەختی دەوڵەتی سۆڤیەت دواوە بە گۆڕانکاریەکی توند و چڕدا تێدەپەڕی. بەبێ ئەوەی تەنانەت ناوی تەلارسازی ئاڤان گارد بهێنێت لە ئامادەبوونیدا خرابۆوە کارەوە بۆ گۆڕینی کایەی ژیانی دەوڵەتە نوێیەکە لە هەموو ئاستەکاندا، بینیامین شیکاری ورد و قوڵی پێکهاتەی شاری مۆسکۆی دوای شۆڕشی جێهێشتووە، سروشتەکەی دەرخستووە و پێشبینی داهاتووی کردووە.

لە کاتی مانەوەیدا؛ بینیامین تەواوی ئەو گۆڕانکاریەکانی گەورەی تۆمارکردووە کە گەواهیدەریان بووە. بینیامین نە بەزاراوەگەلی تەلارسازی ئەرکگەرایی نوێ باسی کردوون، نە لەڕێی کاردانەوە بۆ لەناوبردنی هێما تەلارسازیەکانی ئیمپراتۆریەت. ڕووی کردۆتەوە ئەدگارەیلی دیکە و ڕەهەندگەلی کایەیی دیکە کە ڕاستەوخۆ پێوەندیان بە هیچ تەلارسازیەکی دیاریکراو نییە وەک گەڕۆکی، ڕیتم و شەبەنگ، کە لەڕێیەوە بەتەواوی چاکسازی لە کایەی مۆسکۆدا دەرخستووە کە لەلایەن ئەرکگەراکانەوە دەستی پێکرا بە پاڵپشتی ڕژێمی نوێ.

گوتاری مۆسکۆ لەگەڵ دەقێکی دیکە ئاماژەم پێکردووە، ”ئەزموون و هەژاری”، هاوکارە بۆ شیکاری قوڵتری ئێستاتیکای ئاڤان گارد، بنەچەکەی، پێشکەوتن و کۆتاییەکەی، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکی ئەم گوتارەیە.

گوتاری ”مۆسکۆ” کە لێرەدا وەرگیراوە بۆ خوێندنەوەی وردتر لە ”نووسینەکانی مۆسکۆ” کە بینیامین نووسیویەتی لە کاتی مانەوەی لە پایتەختە نوێیەکەدا لە کانونی یەکەمی ١٩٢٦ و کانونی دووەمی ١٩٢٧. سەرنجەکانی خێرا و ئەزموون و پێوەندیە زۆر ئاڵۆزەکەی لەگەڵ ئەسجا لەسیس، خۆشەویست و دواتر هاوسەری هاوڕێکەی بینیامین، بێرنهارد ڕایشی شانۆنووسی نەمسایی، لە نووسینەکەدا تۆمارکرا کە یەکەمجار لە ئەڵمانی لە ١٩٨٠ بڵاوکرایەوە، دوای مردنی ئەسجا لە ڕووسیا. بینیامین گوتاری ”مۆسکۆ” بۆ گۆڤاری ”دای کرێتور” نووسیوە وەک بەشێک لە پەیمانەکەی لەگەڵ بوبێر کە بەرلەوەی بڕوات بۆ مۆسکۆ کردبووی. یەکەمین وەشانی ئینگلیزی گوتاری ”مۆسکۆ” کە تیایدا کوێرەوەری ژیانی تایبەتی بینیامین وەلانرابوون بۆ جێکردنەوەی سەرنجەکانی دەربارەی مۆسکۆ وەک فینۆمینەیەکی کایەیی و شاری، بۆ یەکەمجار لە ١٩٧٨ بڵاوکرایەوە.

لەم دەیەی ڕابردوودا مەیل بۆ کارەکانی بینیامین زۆر زیادی کردووە، بەڵام ئەم گوتارە هەوڵێکە بۆ لە نزیکەوە خوێندنەوەی گوتاری ”مۆسکۆ” بە بیرۆکەی گێڕانەوە و شرۆڤەی کایەی شاری پایتەختە نوێیەکەی سۆڤیەت لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو. لێرەدا دەقە ڕەسەنەکە دەبێتە ئامرازێک و چاویلکەیەک کە لە ”ڕەخنەگری ورد” هەتا ئەو گۆڕانکاریانەی کایەی ژیانی مۆسکۆ بدوێن کە لە دەیەی نێوان شۆڕش و تۆتالیتاریزمی دواتری دەوڵەتدا ڕوویاندا. ئەوانە سەرنج و تێڕوانینەکانی وردی بینیامینن کە هاوکاری خوێندنەوەیەکی قوڵتر دەدات دەربارەی چارەنووسی دواتری مۆدێرنیزم لە ڕووسیا و جیهان، کە پێکەوە لەگەڵ توانای بلیمەتانەی بۆ گەیشتن بە بەرجەستە، یاریدەدەرە بۆ شیکاری ئەو کایە شارییەی لەو سەردەمەدا بەرهەمهێنراوە.

شۆڕشی نادیار و بەرهەڵستی ئاڤان گارد

کاتی سەردانەکەی بینیامین هێشتا سەردەمی بونیادگەری بوو لە تەلارسازیدا، بەڵام بینیامین بۆ بونیادگەراکانی باڵاخواز، ئەبستراکتیەکان کە لە کاتی شەڕدا کۆمۆنیزم پڕوپاگەندەکانی گرافیکی خستبوونە خزمەتی شۆڕشەوە، زۆر لەمێژبوو وەلانرابوون. هەرچەندە وەلانانەکە بە فەرمی ٥ ساڵ دواتر ڕوویدا، دوای ڕاگەیاندنی ڕەوتی بەرەو ڕیاڵیزمی سۆشیالیستی، بینیامین پێشوەختە تێبینی کردبوو کە هیچ ڕووبەرێک نەبووە بۆ دەنگی بونیادگەرایی لە شەقامەکانی مۆسکۆدا.

هەرچەندە ناوسراوترین ئۆبجێکتەکانی ئاڤان گارد هێشتا دەرنەکەوتبوون، لە کاتی مانەوەی بینیامیندا، مۆسکۆ شوێنکارێکی گەورەی تەلارسازی بوو، کە تیایدا ژمارەیەک لە تەلارەکانی نیشتەجێبوون ”ژیلماسیڤەکان” چێشتەنگاو، کارگە، بڕیارگە، ماڵی بازرگانی، گەراج و ئۆبجێکتی پیسەسازی دروستکراون. هێستا نە پێڕەوی گشتی بونیادگەراکان، نە شاکارەکانی ئاڤان گارد کە بەردەوامبوون لە دەرکەوتن لە پایتەختی سۆڤیەتدا هەتا نێوەڕاستی سییەکان، مۆسکۆیان نەگۆڕی بۆ شاکارێکی مۆدێرنیزم. پارچەکانی ناوازەی ئاڤان گارد وەک دوورگە لە جەستەی شارەکەدا مانەوە، بەڵام شکستیان هێنا لە سمینی سروشتەکەی و گۆڕینی کایە شارییە چەسپاوەکەی. مۆسکۆ بە تەلارسازی سەردەمانی بەرلە شۆڕش لەلایەک و بەرجەستەبوونە ئەندازیاریەکانی ڕیاڵیزمی سۆسیالیستی لەلایەکی دیکەوە چوارچێوەکرا.

رومان میرەکی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

فێمینیزم وەک سیاسەتێکی ڕادیکاڵ - هێرۆ خۆسرەوی

د آگوست 16 , 2021
فێمینیزم وەک سیاسەتێکی ڕادیکاڵ ئەگەر سیاسەت یەکسان بێت بە دەوڵەت، ئایا لەم ناوچەیە سیاسەت نییە؟ پێموایە کێشەیەکی گەورەمان لە پێناسەکردنی سیاسەتتدا هەیە، سیاسەت تەنیا یەکسان نییە بەدەوڵەت، بەڵام مەسەلەی نەبوونی دەوڵەتی کوردی بەو مانایە نایەت کەوا سیاسەتیش بوونی نەبێت. ئەگەر پێناسەیەکی کورتی سیاسەت بکەین، ئەوا دەکرێت بڵێین سیاسەت هەر مامەڵەکردنێکی […]

You May Like