ڕۆژی شەممە ١٥ی ژوئێنی ٢٠٢٤، سەرۆکوەزیری سوئێد، ئۆلف یالمار کریستێرسۆن ( سەر بە حیزبی ڕاستڕەوی مۆدرات)، لە بەیانییەیەکدا هەواڵی ئازادکردنی حەمید نووری یاریدەدەری داواکاری گشتی زیندانی گەوهەردەشتی کە لە سوئێد بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرابوو، ڕاگەیاند. ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە “یۆهان فلۆدرۆس، هاووڵاتییەکی سوئێدی کە لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٢ەوە لە ئێران دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، هەروەها سەعید عەزیزی، هاووڵاتییەکی خاوەن دوو ڕەگەزنامەی ئێرانی-سوئێدی کە مانگی نوامبری ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرابوو، لە فڕۆکەدان و ” بەرەو سوئێد دەگەڕێنەوە.” هاوکات حکوومەتی ئیسلامیش ڕایگەیاند کە “حەمید نووری ئازاد کراوە و تا چەند کاتژمێرێکی تر دەگاتەوە ئێران”. دوای چەند کاتژمێرێک حەمید نووری گەیشتە فڕۆکەخانەی تاران و لە لایەن هاوکارە جینایەت پیشەکانییەوە بە تاجە گوڵینە پێشوازی لێکرا. حەمید نووری لە کاتی کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧، کە تێیدا هەزاران زیندانی سیاسی و ئەقیدەتی، بە فەرمانی جینایەتکارانەی خومەینی و لە لایەن “کۆمیتەی مەرگ”ەوە لەسێدارە دران، بە ناوی خوازراوی “عەباسی”، یاریدەدەری داواکاری گشتی زیندانی گەوهەردەشت بوو. زیندانیانی ڕزگاربووی زیندانی گەوهەردەشت و بنەماڵە و کەس و کاری زیندانیانی ئێعدام کراو، شاهیدی ئەوەیان دا کە حەمید نووری لەو زیندانەی کە کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی تێدا بەڕێوە چوو، یاریدەدەر و هاوکاری “ناسریان” بووە. حەمید نووری ڕۆژی شەممە ٩ی نوامبری ٢٠١٩، بە گەشتی تاران-ستۆکهۆڵم لە فڕۆکەخانەی “ئۆرلاندا” گەیشتە وڵاتی سوئێد. دادگای سوئێد فەرمانی دەستگیرکردنی کاتی بۆ نووری دەرکرد. ناوبراو لە ٩٠ جەلەسەی دادگادا بە ئامادەبوونی شایەتحاڵان و کەسوکاری گیانبەختکردووان و زیندانیانی سیاسی، بە کەڵک وەرگرتن لە پارێزەری بەرگری و هەیئەتی مونسفە، دادگایی کرا. سەرەنجام ڕۆژی ١٤ی ژوئیەی ٢٠٢٢، دادگای بەرایی ناوچەیی ستۆکهۆڵم، بەهۆی بەشداری حەمید نووری لە ئێعدامی بەربڵاوی نەیاران و زیندانیانی سیاسی لە زیندانی گەوهەردەشت لە ساڵی ١٣٦٧دا، سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ناوبراو دەرکرد و دواتر دادگای پێداچوونەوەی سوئێدیش حوکمی ئەم جینایەتکارەی پشتڕاست کردەوە.
ئازاد بوونی حەمید نووری، یاریدەدەری داواکاری گشتی پێشووی قەتڵگای گەوهەردەشت، لەناو سەرسوڕمان و بێباوەڕی بیروڕای گشتیدا، شەپۆلێک لە تووڕەیی و ناڕەزایەتی لەنێو ڕیزی چالاکوانانی سیاسی و ڕێکخراوە ئینساندۆست و مافی مرۆییەکانی سوئێد، بەتایبەت لەناو ئێرانییەکان و بنەماڵەی قوربانیانی دەستی ئەو جینایەتکارە و ڕژیمە پشتیوانەکەی، لێکەوتەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە هاوکات دەوڵەتی ڕاستڕەوی سوئێد و شەخسی ئۆلاف کریستێرسۆن سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتەشی ئیدانە دەکرد. دەزگای دادوەری سوئێد بە حەق، بە تۆمەتی فەرمانی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی و جینایەت دژ بە مرۆڤایەتی، حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووریدا سەپاند. ئەم حوکمە دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی دادخوازی و دژ بە جینایەت و ئینسان کوشتن، کە بە فیداکاری بەرچاوی ئێرانیانی ناڕازی، تێکۆشەر و زیان دیتووی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها پارێزەرانی بوێر، دادوەر و دادستانە مرۆڤدۆست و داکۆکێکارەکانی مافی مرۆڤ، لە دادگاییکردنیێکی درێژخایەن و پشووبڕدا لەگەڵ “دادیار”ی قاتڵ و کارکوشتەی کۆماری ئیسلامی، بەدیهات. بیروڕای گشتیی سوئێد و خەڵکی پێشکەوتنخوازی ئورووپا، جیهان و ئێران، ئەم دادگاییکردنەیان بە کردەیەکی بێوێنە لە ژیانی کۆماری ئیسلامیدا زانی و ستایشیان کرد. مەحکووم کردنی نووری، بە دروست لە بیروڕای گشتیدا وەک دادگاییکردنی حکوومەتی مرۆڤکوژ و ستەمکاری ئیسلامی دانرا و وەک یەکێک لە دادگاییکردنە درەوشاوەکانی سەدەی بیست و یەک لە دژی ڕژیمی جینایەتکاری دەسەڵاتدار لە ئێران، بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە و بە ئاسانی لەبیر ناچێت.
بەڵام دەزگای کارگێڕی سوئێد و لە سەرووی ئەوەوە، سەرۆک وەزیری سەوداگەری ئەم وڵاتە، کە نوێنەری سەرمایەدارە گەورەکانە، بە بیانووی ئازادکردنی دوو هاوڵاتی بێ تاوانی سوئێدیی کە تاوانی ئەوان تەنیا سەفەرکردن بوو بۆ ئێران و بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەک، دەستبەسەر و بە بەمەبەستی وەرگرتنی باج لە دەوڵەتی سوئێد، زیندانی دەکرێت و یەکێک لەوان بە سیخوڕی تۆمەتبار دەکرێ و سزای ئێعدامی بەسەردا دەسەپێنرێت، لەگەڵ تاوانبارێک کە دەستی بە خوێنی دەیان و سەدان ئینسانی خەباتکار و ئازادیخواز سوور بووە و لە دادگایەکی بەناوبانگدا، بە ئامادەبوونی دادوەر و پارێزەر و هەیئەتی مونسفە و شایەتحاڵ و بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکە، ناوی وەک سەوداگەرێکی قێزەون و پێشێلکاری یاسای دیێموکراتیکی ئەو وڵاتە، لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
سەرۆک وەزیر و دەسەڵاتی جێبەجێکاری سوئێد، دادپەروەری و مرۆڤدۆستی ئەم وڵاتەیان کە بەرهەمی خەباتی دوورودرێژی چینی کرێکار و بەرەی چەپ و ئازادیخوازە، لەپێناو ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی سەرمایەداران و ئەو حیزب و چین و توێژەدا کە نوێنەرایەتی دەکات، لە بارەگای ڕژیمی تیرۆریست و مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامیدا، قوربانی کرد. ئەڵبەتە ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتێکی ئوروپایی لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامیدا بچێتە ناو سات و سەودایەکی ناڕەوای لەم چەشنە. ئازادکردنی حەمید نووری لە سوئێد دووەم حاڵەتە لە ماوەی ساڵێکدا کە وڵاتانی یەکێتی ئوروپا دوای ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆماتکار-تیرۆریستی کۆماری، لە لایەن دەوڵەتی بلژیکەوە لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٣دا وەک دیاری باجگرتن، پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی مرۆڤکوژی ئێرانی دەکەن، کە بە کردەوە دەستی ڕژیمی ئیسلامی کراوەتر دەکەن بۆ تیرۆر و ڕفاندنی هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و باج سەندن لە ئوروپا و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.
پێشتریش دەوڵەتی ئەمریکا و ئاڵمان بە تەسلیم بوون لە ئاست بارمتەگرتنی کۆماری ئیسلامی، چەند تاوانبارێکیان کە لە دادگاکانی ئەو وڵاتانەدا دادگایی و سزا درابوون، لە بەرامبەر ئازادکردنی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەدا کە بە تۆمەتی بێبنەما بە بارمتە گیرابوون، ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرد. کار گەیشتە ئاستێک کە تەنانەت دەوڵەتی ئینگلستان بۆ ئازادی نازەنین ساغری، بە فەرمی باجی نەغدی بە ڕژیمی ئێران دا. ملکەچ بوونی ئەم دەوڵەتانە و لەوانە دەوڵەتی سوئێد بە خواستی کۆماری ئیسلامی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندی ئەمڕۆ و سبەینێی خۆیاندا دەبینن و لەم ڕووەوە کەڵەوەکێشییەکانی تەحەمول دەکەن. بەرپرسانی یەکێتیی ئوروپا و دەوڵەتی ئەمریکا، زۆرجار ڕایانگەیاندووە کە ئامانجیان لە گوشار خستنە سەر ڕژیمی ئێران، گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە نییە، بەڵکوو گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانییەتی. کەس دیمەنی قێزەونی بەکۆمەڵی ژنانی کابینەی دەوڵەتی سوئێدیان بە حیجابی ئیسلامییەوە لە حزووری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە تاران، فەرامۆش نەکردووە، ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە ژنانی بوێر و ئازادیخوازی ئێران، حیجابی ئیجبارییان لەسەر خۆیان لادەبرد و هەر لەو کاتەوە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، دەستی پێکردبوو. ئێستا ئیتر ئەرکی سەرشانی ئێرانییە ئازادیخوازەکان، هێزە پێشکەوتنخواز و سۆسیالیستەکان، بەرەی چەپ و لایەنگرانی عەداڵەت و دادپەروەری سوئێدە کە لە دژی ئەم کردەوە ناشەرعی، دژە ئینسانی و بێ ئەخلاقییەی دەوڵەتی ڕاستڕەوی سوئێد، لە سات و سەودا لەگەڵ ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی و ئازادکردنی قاتڵێکی کە لە دادگای ئەم وڵاتە بە تاوانی جینایەت دژبە مرۆڤایەتی سزا درابوو، دەنگ و کرداری یەکگرتووانەی خۆیان ڕێکبخەن و بە شێوەیەکی هاوبەش و هاوهەنگاو، ناڕەزایەتی دەرببڕن.