میلاد محەمەدی، برای شەهریار محەمەدی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ی بۆکان، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی براکەیدا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، دەستگیرکردنی “ئەسرین” ی خوشکی ڕاگەیاند.

میلاد محەممەدی کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١، بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار کرابوو و ئێستا لە وڵاتی کانادایە، نووسیویەتی: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوای چەند مانگێک، ئەسرین محەممەدی خوشکم گەڕایەوە بۆکان و دەیویست کە مەراسیمێکی بچووک بۆ ساڵیادی مەرگی براکەم “شەهریار” ساز بکات. بەڵام خوشکەکەم ڕفێندرا و دایکم بریندار کرا.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەسرین محەممەدی نییە، هەروەها دیار نییە کە لەلایەن کام ڕێکخراو و بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراوە.