“هاجەر سەعیدی” چالاکی کرێکاری و مافی ژنان خەڵکی شاری سنە، ٧ مانگ و ٧ ڕۆژ لە یەکساڵ زیندانی تەعزیری خۆی لە بەندی ژنانی زیندانی سنە بەسەر برد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، “هاجەر سەعیدی” چالاکی کرێکاری و مافی ژنان لە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٢ لە کاتێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری سنە بۆ دیداری بنەماڵەی گیان بەختکردووی شۆڕشگێڕانەی ژینا، “هومەن عەبدوڵڵایی” ڕۆشتبوو، لەلایەن پاسەوانانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرا.
ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەریدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە تۆمەتی “گردبوونەوە و هاوکاری ڕێکخراوی نهێنی کۆمۆنیستی بۆ ڕازیکردنی بنەماڵەی گیان بەختکردووان بۆ ئەنجامدانی تاوان” و هەروەها “کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” تاوانبار کراوە.
ناوبراو پاش تێپەڕاندنی مانگێک لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەن و بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
دادوەر “سەعیدی”، دادوەری لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ڕژیم لە سنە “هاجەر سەعیدی” بەم تۆمەتانە بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.
لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە حوکمی دەرکراوی بۆ ناوبراو بۆ “ساڵێک زیندانی تەعزیری” کەمکردەوە.
نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ “هاجەر سەعیدی” پاش بانگهێشتی بۆ لقی ٤ی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای گشتی و شۆڕشی ڕژیم لە سنە دەستبەسەرکرا و بۆ تێپەڕاندنی “ساڵێک زیندانی تەعزیری” خۆی بۆ بەندی نەسوانی زیندانی سنە گواسترایەوە.