پارێزەر ئەمیر ڕەئیسیان ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی چالاکی کرێکاری زیندانی لە زیندانی لاکان لە ڕەشت لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵا پەسەندکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتنی لە کۆمیتەی بەرگری لە شەریفە محەمەدی، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی لەلایەن دادگای باڵا پەسەندکراوە. ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری شەریفە محەمەدی بە پەسەندکردنی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: «لقی ٣٩ی دادگای باڵا کە پێشتر سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی هەڵوەشاندبووەوە، ئەمجارەیان سەرەڕای هەموو ئەو ناڕوونی و ناڕەزایەتیانەی هەبووە، سزای لەسێدارەدانی پەسەندکردووە.
بە گوتەی ئەمیر ڕەئیسیان، لقی ٣٩ی دادگای باڵا ئەم بڕیارەی بەهۆی چەندین ناڕەزایەتی، لەوانە نەبوونی پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنی چەکداریی، نەسەلماندنی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی بابەتی بەغی یان کۆمەڵەی باغی، هەروەها بوونی هەڵە لە بۆچوونی ئەفسەرەکەدا، هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ لقی هاوشێوە نێردرابوویەوە بەڵام لقی دووی دادگای شۆڕشی ڕەشت “بۆچوونی ئەفسەرەکەی وەک بەڵگە پەسەند کرد” و سزای لەسێدارەدانی دەرکرد.
ئەم پارێزەرە جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری لقی دووی دادگای شۆڕشی ڕەشت تەنیا دووپاتکردنەوەی حوکمی پێشووی لقی یەکەمە، و بەبێ ڕەچاوکردنی ناڕەزایەتییەکانی دادگای باڵای وڵات و تەنیا لەسەر بنەمای بۆچوونی ئەفسەر دەرچووە. ڕەئیسیان گوتیشی: پێشبینی دەکرا دادگای باڵای وڵات جارێکی دیکە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە ئەوە ڕووی نەدا».
ئەمیر ڕەئیسیان جەختی لەوە کردەوە کە “هێشتا هیوامان بە دادگایی کردنەوە هەیە”، گوتیشی، «بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ دووبارە دادگاییکردن و هەوڵدەدەین لە ڕێگەی ڕێگەی یاسایی دیکەوە سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە هەڵبوەشێنینەوە». ناوبراو هیوای خواست کە بە لەبەرچاوگرتنی کەموکوڕییە زۆرەکانی دۆسیەکە و ڕێوشوێنەکان، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێتەوە و لەسێدارەدانی ڕابگیرێت.
لە کۆتایی سەرماوەزی ١٤٠٣، دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی شەریفە محەمەدی لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ڕەشت بەڕێوەچوو. پێشتر، دۆسیەی شەریفە محەممەدی دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵات، ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ڕەشت کرابوو بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە.
شەریفە محەممەدی لە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ڕەشت بە تۆمەتی «بەغی» بە لەسێدارەدان سزادرابوو. دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی ئەم چالاکەی کرێکاری کاردانەوەی بەربڵاوی بەدوای خۆیدا هێنا.
دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی شەریفە محەمەدی لە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣ لە لقی ناوبراو بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕژیم، دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی و بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبێکی دژبەری ڕژیم بەڕێوەچوو.
شەریفە محەمەدی پێشتر لەلایەن لقی چوارەمی لێکۆڵینەوەی داواکاری ڕەشت بە سەرۆکایەتی لێکۆڵەر بەڕێز ڕەجەبی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی ڕژیم، دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی و بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبێکی دژبەر”دا تۆمەتبار کرابوو.
شەریفە محەممەدی لە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکرا. شەریفە محەممەدی لە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ لە زیندانی لاکان لە ڕەشت بۆ زیندانی سنە گواستراوەتەوە. دوای ماوەیەک بۆ ئەم زیندانە گەڕێندرایەوە.
شەریفە محەممەدی تا ساڵی ١٣٩٢ ئەندامی کۆمیتەی هەماهەنگی هاوکاری لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی کرێکاری بووە و ئەم ڕێکخراوە کرێکارییە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵەوە نییە، کە ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامێتی لەم حیزبەدا بە بەغی تۆمەتبارکرابوو.

