دەوری دووەمی گاڵتەجاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم و پەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

دەوری دووەمی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان، ڕۆژی هەینی ٢١ی گوڵان کۆتایی هات. تەنانەت میدیاکانی ژێر تیغی سانسۆریش باسیان لەوە کرد کە بەشداری خەڵک لە دەوری دووەمدا ئێجگار کەم بووە. بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، لە تاران، ڕەی، شمیرانات، پەردیس و ئیسلام شار بەشێوەیەکی گشتی، ٥٥٢ هەزار دەنگی دروست خراوەتە ناو سندووقەکانی دەنگدان، لە کاتێکدا لەو حەوزەیە زیاتر لە حەوت ملیۆن و ٧٧٥ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە. هەر بۆیە بە پێی ڕاگەیاندنی فەرمی، لە تاران تەنیا حەوت لە سەدی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان داوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە وەزیری ناوخۆ، کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەو بەناو هەڵبژاردنە، وتی “جەماوەر حەماسەیان خوڵقاند” و ئەمەش وەک نوکتەیەک لەلایەن ڕۆژنامەکانی ئێرانەوە بە گاڵتە گیرا. ئەگەرچی کاربەدەستانی وەزارەتی ناوخۆ هەمیشە شارەزاییەکى تایبەتیان هەبووە لە موهەندیسی کردنی دەنگەکان، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە ئەوەندە خراپ بوو کە موهەندیسی کردن و ساختەکاریش لە دەنگەکاندا نەیتوانی شتێک لە واقیعەکە بگۆڕێت و ناچاربوون ژمارەیەک لە نوێنەرەکان بە کەمتر لە ٢٠ هەزار دەنگ بنێرن بۆ مەجلیس. گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی ٢١ی گوڵانی ١٤٠٣، بە کردەوە دیاریکردنی تاقمێک بوو لە نێو ئەو بناژۆخوازانەدا کە بە نزیکترین بازنەی گوێڕایەڵی خامنەیی دادەنرێت. بەڵام هەر ئەو تاقمە گوێڕایەڵەش، هێندە سەرقاڵی کێبڕکێ و دووبەرەکی بوون و ئێستاش هەن، کە تەنانەت ئامۆژگارییەکانی خامەنەییان سەبارەت بە پاراستنی یەکگرتوویی لەبەرچاو نەگرت. خامنەیی لە نێوان بەڕێوەچوونی دەوری یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکاندا، بە شێوەیەکی گشتی داوای لە کاندیدە پەسەند کراوەکان، کاندیدە براوەکان و کاندیدەکانی دەوری دووەمی هەڵبژاردنەکان کرد کە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بهێنن. بەڵام ئەمجارەیان تەنانەت گوێڕایەڵەکانیش، نەک هەر هیچ بایەخێکیان بە ئامۆژگارییەکانی خامنەیی نەدا، بەڵکوو بەڵگەنامەی بەشێک لە گەندەڵی ئەو کەسانەشیان کە لە ناوبراو زۆر نزیکن، وەک محەممەد باقر قاڵیباف و ڕائیفی پوور، ئاشکرا کرد. ئەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنە کە بەگوێرەی چاوەڕوانییەکانی خامنەیی دەبوو یەکگرتووانە بێت، سەرەتا بە دوو ڕێکخراوی سەرەکیی خۆیان بە ناوەکانی “شۆڕای هاوپەیمانی هێزەکانی شۆڕش” و “شۆڕای یەکگرتوویی” هاتنە ناو گەمەکە، بەڵام دواتر دوو هاوپەیمانی دیکەش بە ناوەکانی “هاوپەیمانی جەماوەریی هێزەکانی شۆڕش” و “سوبحی ئێران” بە سەرۆکایەتی عەلی ئەکبەر ڕائیفی پوور، هاتە ناو کێبڕکێی ئەو بەناو هەڵبژاردنەوە. لە ئاکامی ئەو چەند دەستەییە و بە پێچەوانەی فەرمانی خامنەیی کە وتی دەبێ هەڵبژاردنەکان پڕ جۆش و خرۆش بن، بێ ڕەونەقترین “هەڵبژاردن” بوو لە تەواوی تەمەنی ٤٥ ساڵەی ڕژیمی ئیسلامیدا.

بۆ دیکتاتۆرێکی مەزهەبی و هاری وەک کۆماری ئیسلامی، لاسایی کردنەوەی دێموکراتیک بوون، بۆ نیشاندانی ڕادەی شەرعییەتە. بەڵام دەوری یەکەم و دووهەمی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و خوبرەگان وایکرد کە هەمووان لەوە تێبگەن کە ڕژیم تەنانەت لە ناو دەست و پێوەند و کاسەلێسەکانی خۆشیدا شەرعییەتی پێویستی نییە. تەنانەت ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتیش لەم گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردنە دا بەشدارییان نەکرد. ئەمه له بارودۆخێکدا بوو که خامنەیی بایکۆت کردن و بەشداری نەکردن له هەڵبژاردنەکانی، به دژایەتیی لەگەڵ ئیسلام ناو بردبوو. سەرەڕای ئەم بەناو فەتوایانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵان، لە سەروبەندی قۆناغی دووهەمی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی شۆڕای ئیسلامیدا، فایلێکی دەنگی محەممەد خاتەمی بڵاوکرایەوە کە تیایدا باس لەوە دەکات کە ڕیفۆرمخوازان تا ئێستا بۆ ئەوەی چەند کورسییەکیان لە مەجلیس پێبدەن، “سواڵیان” لە حکوومەت کردووە و ئەوەش هیچ سوودێکی نییە. واقیعییەت ئەوەیە کە ڕیفۆرمخوازانی ناو حکوومەت کە هەمیشە لە خزمەتی ڕژیمدا بوون و بە کردووە هەتا ئەمڕۆش، ڕەواییان داوە بە هەژاریی خەڵک و لەخوارەوە بوونی حەقدەستی کرێکاران و کوشتارەکانی دەیەی شەست، چاویان بڕیوەتە بازنەی سەرەکی دەسەڵاتی ژێر ڕێبەرایەتی خامنەیی و فەرماندە دەسەڵاتدارەکانی سپا و خۆیان بۆ جێنشینی ئەوان ئامادە دەکەن. ئەوان نەک هەر لەگەڵ خەڵک نین، بەڵکوو دژی خەڵک و بەرژەوەندی و ئامانجەکانیانن. ئەوان دەیانەوێت کارێک بکەن کە کرێکاران و زەحمەتکێشان بیر لە شۆڕش نەکەنەوە، بەڵکوو بۆ پێکهێنانی گۆڕانکارییەکی جیگەی پەسەندی بۆرژوازی ناڕازی و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، پشت بە ئیمامزادە بێ کەڵکەکەی ئەوان ببەستن. بەڕای زۆربەی شرۆڤەکارانی پرسەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی لە باشترین حاڵەتدا، لە کۆی گشتی ٨٥ ملیۆن دانیشتووی ئێران، نوێنەرایەتی تەنیا ١٠ بۆ ١٥ لەسەدی خەڵک دەکات.

ئەگەر ئەوەی کە ڕۆژی هەینی ڕوویدا، بخەینە چوارچێوەی خەبات ناڕەزایەتییەکانی ئێستاوە، بێگومان دەتوانێت ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ بزاڤێکی گەورەتر لە داهاتوودا و ئومێدبەخشی داهاتوویەکی گەشتر بێت. داهاتوویەکی کە دەبێ کۆمەڵانی خەڵکی قوربانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، خوڵقێنەری بن. بێگومان سەرەنجام بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، سێبەری شوومی ئەم حکوومەتە جینایەتکارە لەسەر ئێران لادەچێت و پێشمەرجەکانی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێی ئینسانی و ئازاد، یەکسان، دادپەروەر و خۆش بژێو، دابین دەکرێت.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

قەزوین؛ دەستنیشانکردنی زیاتر لە ٢٩٠ منداڵی کار

س مه 14 , 2024
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی هەرێمی قەزوین، لە دەستنیشانکردن و پێشوازی لە ٢٩٩ منداڵی کار لە ناوەندەکانی پاراستن لە سەرەتای ١٤٠٢ تا نێوەندی گوڵانی ساڵی پار ڕاگەیاند. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتن لە هێرانا، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی هەرێمی قەزوین لە دیاریکران و پێشوازی ٢٩٩ منداڵی کار لە ناوەندەکانی پاراستن ڕاگەیاند. عەلی دەهباشی […]

You May Like