پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی تەمەن ٥٢ ساڵ لە سنووری باشماغی شاری مەریوان بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێک بە ناوی “عەلی قادری” خەڵکی گوندی “زەنووری” سەر بە شاری “مەریوان” بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی کوژرا.
ئەم کۆڵبەرە تەمەن ٥٢ ساڵە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچەی “ئاسناوا” لە سنووری باشماغ – مەریوان لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
“عەلی قادری”، ماوەی ٢٠ ساڵ بوو کۆڵبەری دەکرد، هاوکات خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.