“سەنعان نەورۆزی”، هاوڵاتی شاری سنە لەماوەی ١٠ ڕۆژی داهاتوودا، بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیەکەی، پێویستە خۆی ڕادەستی زیندان بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەپێی ڕاگەیەندراوێک لەم دواییەدا دەرچووە، “سەنعان نەورۆزی”، دانیشتووی شاری سنە، پێویستە تا ١٠ی گوڵانی ١٤٠٣، خۆی ڕادەستی زیندان بکات و ماوەی ٣ مانگ زیندانییەکەی دەستپێبکات.
ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بەڵگەی دەوڵەتی» لەلایەن دادگای سەربازی سنە بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو. بە داواکاری پێداچوونەوەی ناوبراو، ئەم حوکمە بۆ ٦ مانگ کەمکرایەوە و بە ژماردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکرانی پێشوو، بۆ ٣ مانگ زیندانی تەعزیری گۆڕدرا.
شایانی باسە کە ناوبراو لە جۆزەردانی ١٤٠١ دەستبەسەرکرا و دوای ٣ مانگ بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو. ناوبراو هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان» بە ٣ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کراوە.