فەرید ڕوبینا کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی بەستەڵەکەوە لە سنوری ئەنجیرانی شاری مەریوان گیانی لەدەستدا
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی چوارشەممە ١٨ ڕێبەندانی ١٤٠٢، کۆڵبەرێک بە هۆی بەستەڵەک و گیرخواردن لە بەفر لە سنووری ئەنجیرانی شاری مەریوان گیانی لەدەستدا. ناسنامەی کۆڵبەرەکە “فەرید ڕوبینا” خەڵکی گوندی “چالیسور” شاری مەریوانە. بە پێی ڕاپۆرتەکە، تەرمی کۆڵبەرەکە دوای ٧ کاتژمێر هەوڵی خەڵکی گوندی ئەنجیران و هێزەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی مەریوان دۆزرایەوە.
پێویستە بە ئاماژەیە کە فەرید ڕوبینا تازە زاوایە و ٢٠ ڕۆژ پێش ئێستا هاوسەرگیری کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.