بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی شكڵگرتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران و هۆکارەکانی شکستهێنانی (بەشی یەکەم)

لە سەروبەندی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی ئەو ڕاپەڕینەداین کە کۆتایی بە تەمەنی ٢٥٠٠ ساڵەی نیزامی پاشایەتی لە ئێران هێنا و دەفتەری بنەماڵەی پەهلەوی داخست. ساڵیادی ئەم ڕووداوە مێژووییە دەرفەتێکە بۆ هەڵسەنگاندنی. هەڵسەنگاندنی سەرلەنوێی شۆڕشی ١٣٥٧ و ڕاپەڕینی ٢٢ی ڕێبەندان، بەتایبەت بۆ نەوەی لاوی ئەمڕۆ کە بە تێپەڕبوونی زەمەن، ئەم شۆڕشە بۆ ئەوان ئیتر بووەتە ڕووداوێک لە مێژووی ئێراندا، پێویستە. لەم پێوەندییەدا پرسیارگەلێکی زۆر هەیە کە پێویستە وەڵامیان پێ بدرێتەوە. بۆچی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو و لەئاستێکی جەماوەریدا لە دژی ڕژیمی پاشایەتی خرۆشان و شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ ڕوویدا؟ چ بارودۆخێکی ناوخۆیی و جیهانی بەسەر ئەو دەورانەدا زاڵ بوو؟ بۆچی ئەم شۆڕشە سەرەڕای ئەو ئامانجە عادڵانە و ئینسانانەی کە خستبوویە دەستووری کاری خۆیەوە، لەلایەن ڕەوتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامییەوە دەستی بەسەردا گیرا؟ چینی کرێکار و هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا لەو بزووتنەوەیەدا چ ڕۆڵێکیان گێڕا و سەرەنجام چارەنووسیان چی بەسەرهات؟ چۆن دژە شۆڕشی ئیسلامی توانی کارێکی کە ڕژیمی شا نەیتوانی بە ئاکامی بگەیەنێت، تەواو کرد و دەستی بەسەر شۆڕشی ئێراندا گرت و دواتر خەڵتانی خوێنی کرد؟ ئەمانە و چەند پرسیارێکی دیکەی لەو چەشنە، بابەتی قسەوباسی ئێمە دەبن لەم ڕۆژانەی سەروبەندی ساڵیادی ڕاپەڕینی ڕێبەنداندا.

پێویستە ڕیشەی مێژوویی و واقیعی شۆڕشی ١٣٥٧ لە پێشهاتەکانی دەیەی چلی هەتاوی ئێران و ئەو ڕیفۆرم و چاکسازیانەی کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە لایەن ڕژیمی شا لە سەرەوە و لە ژێر گوشاری زلهێزە سەرمایەدارەکان و بە تایبەتی ئەمریکادا ئاراستە کران، بەدی بکرێت. ئەو ڕیفۆرم و چاکسازیانە هێز گەلێکی کۆمەڵایەتی نوێی هێنایە مەیدان کە چاوەڕوانی نوێیان هەبوو، بەبێ ئەوەی بیانەوێت یان بتوانن چاوەڕوانییەکانیان بەدی بهێنن. شەرعیەتی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی ڕژیمی پاشایەتی کە لەو قۆناغەدا خۆی سەرچاوەی زۆرێک لە پێشهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان بوو، لە ڕێگەی هەمان پێشهات و ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەوە تووشی ئاڵەنگاری بوو کە بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕانە بوون. چاکسازییەکانی دەیەی ١٣٤٠، هەم لە ڕووی پڕۆسەی گەشەکردن و پەرەپێدانی هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوخۆی وڵات و هەم لە ڕووی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی جیهانی، ببوون بە پێویستییەکی حەتمی و بێ ئەملاو ئەولا، بەو مانایەی کە لە لایەکەوە پەیوەندییە ئابووریی- کۆمەڵایەتییە دواکەوتوو و نیمچە فیۆدالییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا گەلێک پێویستی بە گۆڕانکاری بوو، بە جۆرێک کە زۆر پێویستیی بە داشکاندن و کەمبوونەوەی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان و ناچار بە گۆڕانکاری وەک ئەوەی کە لە سەرەوە و لە چوارچێوەی چاکسازییە کۆنترۆڵکراوەکاندا وڵامی وەرنەدەگرتەوە، شۆڕش لە خوارەوە، دەبێتە پرسێکی حەتمی لە ڕوانگەی پێشهات و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

لە لایەکی تریشەوە سەرمایەی جیهانی چاوی تەماعی بڕیبووە بازاڕی فرۆشتن، هێزی کاری هەرزان، سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ژێرزەوی و کەرەستەی خاوی وەک نەوت و هەروەها ناوچە بەپێز و دەست لێنەدراوەکانی وەبەرهێنان لە ئێران، لەمڕووەوە ئێران بۆ سەرمایەی جیهانی وڵاتێکی سەرنجڕاکێش و وەسوەسەئامێز بوو، لەبەر ئەوەی هەم خاوەنی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ژێرزەمینیی بوو، هەم پێگەیەکی ژیۆپۆلەتیکی هەستیاری لە ناوچەکەدا هەبوو و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی گەنجی دانیشتووانەکەی، وەک سەرچاوەیەکی بێ پایانی هێزی کاری هەرزان دادەنرا. هەر بۆیە بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو پێویستییەی کە ئاماژەی پێکرا، پێش هەموو شتێک پێویست بوو زۆربەی هەرەزۆری ئەو هێزی کارەی کە لە گوندەکان نیشتەجێبوون، لە ئاستێکی ملیۆنیدا لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە گوندەکان هەڵکەندرێن بۆ ئەوەی وەک هەر کاڵایەکی دیکە، بەهۆی زۆری و بەرفراوانبوونی لە بازاڕدا، بە ئاسانی دەست بکەوێت و ئیمکانی کڕینی بە نرخێکی زۆر هەرزان و تەنانەت بێبەرامبەر، فەراهەم بێت. هەروەها دەبوو چینێکی مامناوەندی ئەوتۆش پێک بێت کە توانایی کڕینی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە بەکارهێنەری کاڵاکانی بازاڕی سەرمایەداری. هەر لەو قۆناغدا لە هەندێک ناوچەی دیکەی جیهانیش بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی سەرمایەی جیهانی، ڕیفۆرم و چاکسازی گەلێکی هاوشێوە ئەنجامدرابوو. ڕژیمی شا کە قەیرانی سیاسیی دەیەی ٣٠ی هەتاوی تێپەڕ کردبوو، متمانە بەخۆبوونی پێویستی بەتایبەتی دوای سەفەری شا بۆ ئەمریکا و پاڵپشتی “کێنێدی” بەدەست هێنا، بۆ ئەوەی بە هاوکاری ڕاوێژکارە ئەمریکییەکانی، بەم ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت. بەم شێوەیە بەرنامەی ئەو ڕیفۆرمەی کە شا زۆر حەزی دەکرد بە “شۆڕشی سپی” یان “شۆڕشی شا و گەل” ناوی ببات و ئێران لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی و پێش سەرمایەدارییەوە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری نیمچە پیشەسازی و ئامادەی تێکەڵبوون بە سیستەمی ئابووری جیهان بێت، لە ٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤١ دەستی پێکرد.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم

چ فوریه 7 , 2024
چوارشەممە، ١٨ ڕێبەندانی ١٤٠٢، کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر سنوری بانە، بە سەختی بریندار بوو بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لەم ڕووداوەدا کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی “حاسل کۆرانی” ناسراو بە “مام ئاغا”، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، بە سەختی لە بەشی لای ڕانی بریندار بووە.به پێی ڕاپۆرتەکە، ئەم […]

You May Like