دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و ڕەوانسەر لە سنوری نەوسوود؛ لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود دوو کۆڵبەریان بریندارکرد.
ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکان (حەبیب شیری) خەڵکی جوانڕۆ و (بورهان وەیسی) خەڵکی ڕوانسەر ڕاگەیندراوە.
شایانی باسە کە ئەو دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەری برینەکانیان، بۆ نەخۆشخانەی نەوسوود گواستراونەتەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.