لە ٦ ڕۆژ پێشتر تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ، زانیاری لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ٦ ڕۆژە کە زانیاری لە چارەنووس و دۆخی تەندروستی کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناسنامەی «عەنایەت عیوزی نیا»، تەمەنی ٣٥ ساڵە وە خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە، لە بەردەستدا نییە.
عەنایەت عیوزی نیا هەفتەی ڕابردوو بۆ کۆڵبەری ڕۆشتە سنووری نەوسوود و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە ناوبراو بە دەستی خێزانەکەی نەگەیشتووە.
خزمەکان و نزیکەکانی ئەم کۆڵبەرە ونبووە لە هەموو کەسانێک کە زانیارییان دەربارەی ناوبراو هەیە داواکارن کە خێزانی ناوبراو ئاگاداربکەنەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.