دوازدە کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس الحدود) لە هێڵی سنووری نەوسوود و “بیارە”ی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس الحدود) دوازدە کۆڵبەریان لە سنووری “بیارە”یی هەرێمی کوردستان و نەوسوود دەستبەسەرکردووە.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە: “ئەنسار مەحمودی”، “پەیمان ڕەحمانی”، “ئیرەج مەحمودی”، “شایان نەجەفی”، “قانع ڕۆستەمی”، “ئارام نازری”، “سەیوان ڕەحیمی”، “ئاریان وەیسی”، “یونس ترابیفەر”. ، “ئارمان”، “ئیسار” و “نازار” خەڵکی گوندی “دۆدان”ی سەر بە شاری پاوە ڕاگەیانراوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی کۆڵبەرە دەستبەسەرکراوەکانی دیکە بەردەست نییە.
لە ماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا، شایەتی توندوتیژیی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. ئەم توندوتیژییە بووەتە هۆی زیادبوونی بێوێنەی ژمارەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران. لەهەمان کاتدا هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس الحدود)یش بە هەماهەنگییەکی مانادار لەگەڵ سوپای سنووری ئێران. گوشارەکانی بۆ سەر کورد لە هەردوو دیوی سنوورە دەستکردەکانی کوردستان زیاد کردووە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، چەندین ڕاپۆرت لەسەر لێدان و سوکایەتیکردن بە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی حرس الحدودەوە بڵاوکراونەتەوە.
خەڵکی کوردستان، لە سایەی ئەو هەلومەرجە سەختە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکانی ئێران و عێراقەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، لەبەردەم جۆرێک لە ئیستغلالکردنی ئاڵۆز بەرەوڕوون. دەرئەنجامەکانی ئەم ئیستغلالکردنە ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لەو دیاردە کوشندەیە کردووە کە پێی دەوترێت کۆڵبەری.
بەڵام وەک ئەوەی بەتەنها ئەم مەینەتی و سەختییە بەس نەبووبێت، ئێستا شاهیدی هاوبەشی ئاشکرای حکومەتە ناوەندەکان لە هەردوو دیوی سنوورەکانی کوردستان بە ئامانجی کوشتن و لەناوبردنی سیستماتیکی ئەو خەڵکەوەین.